عێراق.. لە رێككەوتنی دوا ساتەكاندا كێ دەبێتە سەرۆكی پەرلەمان؟

:: PM:07:07:13/09/2018 ‌

پێ دەچێ كە لیستە سوننەكانی ناو پەرلەمانی عێراق نەتوانن خۆیان یەكلا بكەنەوە، وەك خۆیان دەڵێن نۆ كاندیدیان بۆ پۆستەكە هەیە، هاوكات كە كارەكەیان بە دەنگدانی پەرلەمانتاران لە دانیشتنی شەموو سپاردووە و بە پێی دەقە دەستوورییەكانیش ناتوانرێ دانیشتنەكە دوا بخرێ، پەرلەمانتارێكی پێشووی كورد دەڵێ كە تا راگەیاندنی گەورەترین فراكسیۆن ناتوانرێ ئەو پرسە یەكلا بكرێتەوە.

قوتەیبە جبووری، پەرلەمانتاری سوننە لە پارێزگای سەڵاحەدین لەو بارەوە دەڵێ، تا ئەو ساتە هێزە سوننەكان نەیانتوانیوە لەبارەی ناونانی كەسایەتییەكی دیاریكراو بۆ پۆستەكە لە ناو ئەو نۆ كاندیدیەی هەیە بگەن بە رێككەوتن و روونی كردەوە كاندیدانی سوننە لە دانیشتنی شەموو دەخرێنە دەنگدانی پەرلەمانتارانەوە بۆ دیاریكردنی كەسێكیان بۆ پۆستەكە. 

لەو كاتەی میحوەری وەتەنی سوننە ئەمڕۆ پێنجشەم دووپاتی كردەوە كە ئەمڕۆ هەوڵ دەدەن ئەو پرسە یەكلا بكەنەوە، جبووری ئاماژەی كرد، هێزە سوننەكان چەندان گەڕی گفتوگۆیان لەو بارەوە ساز كرد بۆ دیاریكردنی كەسایەتییەك بۆ پۆستەكە، بەڵام بەهیچ نەگەیشتن، بۆیە لە رۆژی شەموو و ئەو نۆ كاندیدیە دەخرێنە دەنگدانی نهێنی پەرلەمانتارانەوە و ئەوان هەموویان بەشدار دەبن لە دیاریكردنی كەسایەتییەك بۆ پۆستەكە. 

لای خۆیەوە بورهان مەعمووری پەرلەمانتاری سائیروون ئەمڕۆ پێنجشەم دووپاتی كردەوە كە لە دیدارەكەی دوێنێ چوارشەمی موقتەدا سەدر و هادی عامری لە نەجەف هیچ شتێكی فەرمی رانەگەنداروە لەبارەی رێككەوتننیان لەبارەی گەورەترین فراكسیۆن و ئەوەی هەیە دووپات لە پابەندی بە وادە دەستوورییەكان كراوەتەوە بۆ دیاریكردنی هەرسێ سەرۆكایەتییەكە.

زیاتر گوتی، وادە دەستورییەكان رێگە بە دواخستنی دانیشتنی شەمووی پەرلەمان نادەن كە تایبەتە بە دیاریكردنی سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی و دووپاتی كردەوە كە تا ئێستە هێزە سیاسییەكان لەسەر كەسایەتییەكی دیاریكراو بۆ وەرگرتنی پۆستەكە نەگەیشتوون بە رێككەوتن. 

لەو كاتەی باسی بوونی نۆ كاندیدی سوننە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دەكرێ، ئەمڕۆ پێنجشەم سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئاشكرای كرد كە زۆرینەی لایەنەكانی ناو بەرەی "ئیسڵاح و ئیعمار"ی سائیروون دیاریكردنی محەمەد حەلبووسی، پارێزگاری پێشووی ئەنبار بۆ وەرگرتنی پۆستەكە رەت دەكەنەوە كە كەسایەتییەكی نزیكە لە بەرەی "بینا"ی مالیكی و عامری.

سەرچاوەكە لەو بارەوە گوتی، هەریەك لە سائیروون و حیكمە و بەیارق خەیر و نەسڕ رەتكردنەوەی حەلبووسیان راگەیاندووە، لەو كاتەی هەریەك لە محەمەد تەمیم و تەڵاڵ زەوبەعی و محەمەد حەلبووسی و خالد عوبێدی و ئوسامە نوجێفی و رەشید عەزاوی و محەمەد خالیدی و ئەحمەد عەدبوڵا جبووری و ئەحمەد جبووری (ئەبو مازن) خۆیان بۆ پۆستەكە كاندید كردووە.

لە 3ی ئەم مانگە یەكەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆكایەتیی محەمەد عەلی زەینی، بەتەمەنترین پەرلەمانتار بەڕێوە چوو و دوای شكستهێنان لە دیاریكردنی دەستەی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمان دانیشتنەكە بە كراوەی مایەوە تا 15ی ئەم مانگە بۆ سازكردنی دانیشتنێك بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی نوێ. 

لای خۆیەوە ئەندامێكی میحوەری وەتەنی (گردبوونەوەی هەموو هێزە سوننەكان)، ئاشكرای كرد كە نزكیترین كەسایەتی بۆ وەرگكرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ خولی چوارەم ئوسامە نوجێفییە.

د.زافر عانی پەرلەمانتاری سوننە لەو بارەوە گوتی، نوجێفی شانسی وەرگرتنی پۆستەكەی زیاترە بەو هۆیەی متمانەی هەموو هێزە سوننەكانی هەیە و پێشتر سەرۆكی پەرلەمان بووە و سەركەوتوو بووە لە كارەكانیدا و خاوەن شارەزایی و ئەزموونی باشە. لەو كاتەی سەرچاوەكان لەناو سوننە باسی ئەوە دەكەن كە كێبەركێكە لە نێوانی هەریەك لە ئوسامە نوجێفی و محەمەد حەلبووسی و محەمەد تەمیم ماوەتەوە. 

بەپێی دەستووری عێراق دەبێ لە یەكەم دانیشتنی پەرلەمان سەرۆك و دوو جێگرەكەی دیاری بكرێن، ئەگەر نەكرا ئەوە دانیشتنەكە بە كراوەیی دەمێنێتەوە تا دیاریكردنیان، بۆیە ئەگەر لە دانیشتنی شەموو دیاری كران، تا مانگێك بوار هەیە بۆ دیاریكردنی سەرۆك كۆماری نوێ كە پشكی كوردە و پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگەكان هەیە، دوای ئەوە سەرۆك كۆماری نوێ 15 رۆژی هەیە بۆ راسپاردنی كاندیدی فراكسیۆنی گەورەترین بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ.

لای خۆیەوە خالد ئەسەدی، سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەو بارەوە دەڵێ، لە دانیشتنی شەموو سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی دیاری دەكرێن و هاپەیەمانی "بینا" وەك گەوەرەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی كار بۆ یەكلاكردنەوەی بابەتەكە دەكا و دوای ئەوە لەگەڵ كورد باسی دیاریكردنی سەرۆك كۆماری نوێ و دوای ئەویش كار بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێ دەكەین.  

ئەمڕۆ پێنجشەم ماجید شنگالی، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی لە بەغدا ئاماژەی كرد كە نەگەیشتنی هێزە سیاسییەكان بە رێككەوتن لەبارەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و جێگرانی دەبێتە هۆی شكستهێنانی دانیشتنی شەمووی پەرلەمان و دووپاتی كردەوە كە دیاریكردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان پێویستە لە رێگەی پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆن و رێككەوتننی فراكسیۆنەكان لەسەر كەسایەتیەكی دیاریكراو بێ.  

شنگالی روونی كردەوە، هەردوو پارتی سەرەكیی كوردستان (پارتی و یەكێتی) لە بایكۆتكردنی دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق بەردەوام دەبن تا كاتی راگەیاندنی گەورەترین فراكسیۆن و دووپاتی كردەوە كە پەرلەمانتارانی كورد بەتەواوەتی بایكۆتی دانیشتنی شەمووی داهاتوو دەكەن. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل