گۆڕان خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر دەوروژێنێت

:: PM:07:21:13/09/2018 ‌
بزووتنەوەی گۆڕان ڕای گەیاند، 16ی ئۆكتۆبەر یەكێكە لە خیانەتە گەورەكان لە كوردستان و لە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان ئەو پرسە دەوروژێنرێت بۆ ئەوەی خەڵك بەردەوام لە بیری بمێنێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 13ی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، حەسەن ساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، گۆڕان دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردن كردووە و لەكاتی بانگەشەیشدا هەموو ئەو پرسانە دەخرێنەوە ڕوو كە لەلایەن حزبێكەوە ئەنجام دراوە، بۆیە ئاساییە و گۆڕان بڕیارە باسی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر بكات.

ڕوونیشی كردەوە، بە بۆچوونی گۆڕان 16ی ئۆكتۆبەر یەكێك بوو لە خیانەتە گەورەكان، بۆیە پێویستە بەردەوام لە بیری هاووڵاتییاندا بمێنێتەوە كە بەهۆی ئەو خیانەتەوە كەركووك و بەشێكی زۆری خاكی كوردستانمان لە دەست دا.

پەرلەمانتارەكەی گۆڕان گوتی، ناكرێ‌ هاووڵاتیی هۆشیار نەكرێتەوە لەوە كە پێویستە دەنگ بە حزبێك نەدا خیانەتی كردووە و نیوەی خاكی كوردستانی فرۆشتووە، بۆیە ڕۆژەكانی كۆتای بانگەشە گۆڕان بە وردی ئەو پرسە دەوروژێنێت.

حەسەن ساڵح لە كۆتایشدا ڕای گەیاند كە بزووتنەوەكەی بەشێوەیەك بانگەشەی هەڵبژاردن دەكات، بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە دۆخی جارانی و حزبی دووەمی كوردستان بێت.

خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر ساڵی ڕابردوو لەلایەن گرووپێكی خیانەتكاری ناو یەكێتی ئەنجامدرا كە بەهۆی ئەو خیانەتەوە كەركووك و ناوچە دابڕێنراوەكان لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی داگیر كراون و كوردیش جارێكی تر خرایەوە ژێر دەسەڵاتی سەربازی لە بەغدا.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم