وه‌ك به‌رێوبه‌ری سه‌نته‌ری "ڕایه‌ڵ" بۆ ئاڵوگۆری كولتووری و چالاكی رۆشنبیریی ئاشكرای كردووه، سه‌رباری ئه‌سته‌نگییه‌كانی ڕووبه‌ڕوویان بووه‌ته‌وه له‌م ساڵ، به‌ڵام بڕیاریانداوه كه پێنجه‌مین فێستیڤاڵی كولتووره جیاوازه‌كان، له شاری ڕانیه ئه‌نجام بده‌ن.
ئه‌مڕۆ پێنجه‌شه‌م خالید قادر به‌ڕێوبه‌ری سه‌نته‌ری ڕایه‌ڵ، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، له‌م فێستیڤاڵه‌دا 11 گرووپی هونه‌ریی له ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی وڵات به‌شدارن، هه‌ر یه‌ك له تیپه‌كانی خانه‌ی نمایشی جلوبه‌رگی عێراقی له به‌غدا و تیپی هونه‌ری میللیی شاری به‌سڕه و تیپی هونه‌ر و فۆلكلۆری وڵاتی میسڕ و تیپی گلداز له بلوجستان و گروپی ئیستم له خوراسان و گرووپی رووناك بۆ كولتووره جیاوازه‌كانی ئێران و تیپی هونه‌ری میللیی سلێمانی و تیپی هونه‌ری میللی دهۆك و تیپی هونه‌ری میللی كه‌ركووكی عه‌ره‌ب - سریان - توركمان - كورد، و تیپی ئارمانج له عه‌فرین، گرووپی موزیكی راپه‌رین به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن.
زیاتر گوتی، فیستیڤاڵه‌كه له ڕۆژانی 21 و 22ی ئه‌یلوول له سه‌عات هه‌شت و 15 خوله‌كى شه‌و له پاركی ده‌روازه‌ی ڕاپه‌رین ده‌ست به كاره‌كانی ده‌كات، دواتر گرووپه‌كان له دوو شه‌ودا نمایشی كولتووره‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن.
ڕوونیشى كرده‌وه كه له پڕۆگرامی دووه‌م رۆژی فیستیڤاڵه‌كه‌یش ھه‌ریه‌ك له پێشانگای كه‌له‌پووری و سازدانی خوانێكی گه‌وره‌ی خواردنه كوردییه‌كان و نمایشی كاره هونه‌رییه‌كانی په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كانی ڕانیه، ده‌بێت، به نمایشی به‌له‌مه‌كان له ده‌ربه‌ندی ڕانیه به‌شێكی تری كاره‌كانی ڤێستیڤاڵه‌كه ده‌بن له دووه‌م ڕۆژیدا.
له كۆتایشدا خالید قادر به‌ڕێوبه‌ری سه‌نته‌ری "ڕایه‌ڵ"، ڕای گه‌یاند، كه به‌و هیوایه‌ی ئه‌مساڵ به هاوكاری و پشتگیری هه‌موو لایه‌ك چالاكیه‌كی ناوازه بێته میوانتان.
سه‌نته‌ری "ڕایه‌ڵ" بۆ ئاڵوگۆڕی كولتووری، ساڵی 2010 دامه‌زراوه، ئه‌م سه‌نته‌ره كار له بواری ئاڵوگۆڕی كولتووری له ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی وڵات ده‌كات.