موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر دیسان هەڕەشەكانی دووبارە دەكاتەوە بەوەی پەنا دەباتە بەر بوون بە ئۆپۆزسیۆن ئەگەر ئەو كەسایەتییانەی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندیدی كردوون رەت بكرێنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم لە تویتێك لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر سەدر نووسیویەتی، لەگەڵ گەورەكانی عێراق لەبارەی كاندیدكردنی چەند كەسایەتییەكی تەكنۆكرات (سەربەخۆ) بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق رێككەوتین، واتە بە بڕیارێكی تەواو عێراقییانە بەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیران دوور لە دابەشكاری حزبی و تایفی و ئەتنی و بە پێی پێوەری راست و قبووڵكراو و شارەزایی و تایبەتمەندی و پاكی وەزیرانی دیاری بكا.
زیاتر گوتی، لەو كاتە بەشێك لە سیاسەتوانان بە پەلە ئەوان و بیرۆكەكەیان رەت كردەوە بۆ ئەوەی عێراق بۆ یەكەم خانە بگەڕێننەوە و گەندەڵكاران بە جلێكی نوێوە بێنەوە دەسەڵات و پارت و دامەزراوە ئابوورییەكانی سەر بەوان دەست بەسەر داهات و مافی گەلدا بگرن. سەدر لە كۆتادا هەڕەشەی كرد بەوەی وا بڕوا بوونی بە ئۆپۆزسیۆن لە شێواز و رەوت رادەگەیەنێ.
ئەمڕۆ پێنجشەم سەركردەیەكی هاوپەیمانی سائیروون كە سەدر پاڵپشتی لێ دەكا دووپاتی كردەوە كە هەموو ئەو ناوانەی لە راگەیاندنەكان باسیان لێوە دەكرێ وەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران راست نین.
رائید فەهمی لەو بارەوە گوتی، ئەوەی بڵاو دەكرێتەوە ورد نییە و دووپاتی كردەوە تا ئەو ساتەیش هێزە سیاسییەكان پرسی كاندیدانی سەرۆك وەزیرانیان تاوتوێ نەكردووە و تەنیا راگەیاندنەكان باسی ئەوە دەكەن، هاوكات پێشبینی كرد لە دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران سوپرایز هەبێ و كەسایەتییەكە لە دەرەوەی ئەو ناوانە بێ كە باسیان لێوە دەكرێ.