ژمارەیەك ئەندامی باڵای هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی واز دێنن

:: PM:09:56:13/09/2018 ‌

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی نزیكبوونەوەی د.بەرهەم ساڵح بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، ئەمڕۆ پێنج ئەندامی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری وازهێنانی خۆیان راگەیاند و لە راگەندراوێكدا هۆكاری ئەو هەنگاوەی خۆیان شی كردەوە.

راگەیەندراوەكە ناوی هەریەك لە رازاو مەحموود، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان و ئەندامی ئەنجوومەنی گشتیی هاوپەیمانی و گەشە دارا، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان و جەواد سەعید، پێشمەرگەی دێرین و راوێژكاری پەرلەمانی كوردستان و ئەندامی ئەنجوومەنی گشتیی هاوپەیمانی و رێزان عارف، ئەندامی ئەنجوومەنی گشتیی هاوپەیمانی و د.سەروەر عەبدولرەحمان، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمان كوردستانی لەسەرە و لە بەشێكی راگەندراوەكە هاتووە: 

ئەو مۆدیلە حوكمڕانییەی كوردستان خەڵكی تووشی بێئومێدییەكی قووڵ كرد كە هەم حزبە باڵادەستەكانیان بە هۆكار دەزانی و هەم لە سیاسەت و هەنگاوەكانی حزبە بەناو ئۆپۆزیسیۆنەكانیش نائومێد بووبوون، بەجۆرێك كە هیوایەكی ئەوتۆیان نەمێنێ و لە چاوەڕوانی ئەلتەرنەتیڤێكی تردابن.

هێزێك بە بەرنامەیەكی نوێوە بێتە كایەوە كە تەنیا بەرژەوەندی خەڵك و خاك چەقی كار و بەرنامەكانی بێ، لەو سەرەبەندەدا دكتۆر بەرهەم خۆی وەك ئەو ئەلتەرنەتیڤە نمایش كرد و لە یەكێتی هاتە دەرەوە، بەمەبەستی ئاڵوگۆڕ لە سیستەمی حوكمڕانی و دروستكردنی حوكمڕانییەكی رەشید، رای گەیاند كە ماڵئاوایی لە یەكێتی كردووە و دەیگوت، لەناو یەكێتی پۆستم هەبووە و پۆستی باڵاتریشیان پێ دەدام، بەڵام ڕەتم كردووەتەوە، دەمانەوێ باری لاری حوكمڕانی كوردستان راست بكەینەوە و من چاوم لە پلە و پایە نەبووە، چونكە پلە و پۆست لە سیستەمێكی گەندەڵدا نرخێكی نییە.

بۆیە خەڵكێكی زۆر دڵسۆز، پاك، شارەزا، بەتوانا و خاوەن باكگراوندێكی مەعریفی، لە دەوری پڕۆژەكەی كۆبوونەوە، بەوهیوایەی گۆڕانكاری لە دۆخی ئێستەی كوردستان دروست ببێ، لە ئەنجامدا بیرۆكەی (هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری) لێهاتە بەرهەم، بەدەیان كەسی ئەكادیمی، ڕۆژنامەنووس، میدیاكار، سیاسی، كەسایەتی كۆمەڵایەتی و ئاینی و گەنجانی خوێنگەرم و دڵپاك باوەشیان بۆ هاوپەیمانی واڵا كرد و بە پەرۆشی و دڵسۆزی و ئومێدەوە شانیان خستەبەر پڕۆژەكە و ڕووبەڕووی گرفت و هەڕەشەكانیش بوونەوە و پێمان وابوو لە مەیدانی پراكتێكدا بە پشتیوانی خەڵكی كوردستان دەتوانین جێبەجێی بكەین. هەر لەو روانگەیەشەوە خەڵكێكی زۆر ئومێدیان لەسەر هەڵچنی بوو.

بەڵام بەداخەوە، ئەو ئومێدانە لەگەل سەرەتای دروستبوونی قەوارەكەدا كاڵ بوونەوە و تێبینی زۆرمان لا دروست بوو، هەر لە نەبوونی شەفافیەت و دیموكراسی و دادپەروەرییەوە لە نێو قەوارەكەدا، تا باوەڕ نەبوون بە دامەزراوە و نەبوونی كاركردنی تیم و ئەنجامدانی كاری تاكڕەوانەو كاركردنی بە میزاج، بردنە پێشەوەی كەسانێك كە تەنیا بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان رەچاو دەكرد، نەبوونی روئیایەكی روون بۆ داهاتووی كاری قەوارەكە، نەبوونی هەڵوێستی سیاسی لە كۆمەڵێك رووداوی گرنگی كوردستان و عێراق و ناوچەكەو چەندانی تر.

وەك لە راگەیەندراوەكە هاتووە، بۆ راستكردنەوەی هەڵوێست و هەنگاوەكان ئەو دەستە كادیرە كە بەشێوەیەكی نافەرمی دامەزرێنەری حەقیقی هاوپەیمانی بووین، لە نێو حزبەكانی خۆماندا دەستمان لە هەموو پلەو پۆست و ئیمتیازاتێك هەڵگرتبوو و بەر لە كۆنگرەی دامەزراندن، سەرنج و ڕەخنە و مەترسییەكانمان خستە ڕوو، لەكاتی كۆنگرەیشدا لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی كۆنگرەكە، نیگەرانییەكانمان بە سەرۆكی هاوپەیمانی راگەیاند، بەڵام گوێمان لێ نەگیرا و  تەنیا گوێیان لەوانە دەگرت كە بە هەموو قسەیەكی دەڵێن، "بەڵێ راستە".

بۆیە تا دەهات وردە وردە گومانمان زیادی دەكرد تا گەیشتینە ئەو باوەڕەی سەرۆكی هاوپەیمانی، حزبەكەی تەنیا بۆ بەرزكردنەوەی رەسیدی پێگەی سیاسی و ئابووری خۆی دروست كردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی تردا مامەڵەی پێوە بكات و لەو ڕێگایەشەوە دەستی بە پۆستێكی باڵا بگات و هەموو ئەمانە ئێمە و خەڵكیشی نائومێد كرد.

بەهۆی ئەم هۆكارانەی سەرەوە، هەندێكمان بەر لە گۆنگرە و هەندێكیشمان لەكاتی كۆنگرە و ڕاستەوخۆ دوای كۆنگرە وازمان هێنا، لەگەڵ ئەوەیشدا بە تێكڕا بێدەنگیمان هەڵبژارد و لە راگەیاندنەكاندا هیچ قسەیەكمان نەكردووەو نەمانویستووە بەشێك بین لە شكستی رێكخراوێك كە خۆمان بەشێك بووین لە بنیاتنانی و شكستەكەی نەخرێتە ئەستۆی ئێمەوە.

ئێستەیش پێمانوایە هاوپەیمانی و سەرۆكەكەی بوونەتە هۆی زیاتر بێئومێدكردنی خەڵك لە ئۆپۆزسیۆن و هاتنەمەیدانی كەسایەتی سیاسی تر و دروستكردنی گۆڕانكاری، دڵنیاش بووینەوە لەوەی هاوپەیمانی بۆ بەڵێنی دورینی پۆستێكی باڵا بۆ سەرۆكەكەی بەكار هێنرا و غەدرێكی مێژوویی لە خەڵكی كوردستان كرا و بۆیە بە پێویستمان زانی لەم یاداشتەدا هەڵوێستی خۆمان بە راشكاوی رابگەیەنین و ئەو راستیانەی سەرەوە بۆ خەڵكی كوردستان ئاشكرا بكەین و بۆ هەموو ئەم راستیانەیش بەڵگە و دیكۆمێنتمان لەبەردەستایە و لەكاتی خۆیدا ئەگەر پێویست بكا سەرجەمیان بە وردەكارییەوە دەخەینە بەردەم رای گشتی.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل