سووریا لە جەنگێكی گەورە نزیك دەبێتەوە

:: PM:10:39:13/09/2018 ‌

بە شێوەیەكی گشتی دۆخی سووریا لە یەكلابوونەوە نزیك دەبێتەوە و پێویستە یەكێك لە دوو لایەنە باڵادەستەكە هاوپەیمانی ناتۆ یان رووسیا گۆڕەپانەكە چۆڵ بكەن، یان رووبەڕووبوونەوەیەكی كراوە لە نێوان هەردوو بەرەی (رووسیا و ئێران) لەدژی بەرەی (ئەمەریكا و بەریتانیا و فڕەنسا) دەست پێ دەكا.

هاوپەیمانی ناتۆ پێویستی بە تەنیا دوو رۆژی تر هەیە بۆ تەواوبوونی كۆمەڵە سەربازییەكەی بۆ لێدانی سووریا، كاتێك راپۆرتەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ژێردەریایی ئەتۆمی بەریتانیایی " HMS Talent " لە هەشتی ئەم مانگە گەیشتووەتە دەریای سپی ناوەڕاست  و پێویستی بە تەنیا دوو رۆژی تر هەیە بۆ گەیشتنی بۆ ئەو دوورییەی پێویستە بۆ بەشداریكردنی لە لێدانی سووریا كە هەڵگری 10 مووشەكی تۆماهۆكە و توانای لێدانی ئامانجەكانی لە دووری 1600 كیلۆمەتر هەیە.  

بەپێی زانیارییەكان لەو ناوچەیە هەروەها سێ ژێردەریایی ئەتۆمی ئەمەریكایی و سێ بۆردومانكاری ئەمەریكایی هەن و ئامادەن بۆ جەنگ، وەك شارەزایان دەڵێن ئەو كۆمەڵە جەنگییە دەریاوانییە 148 مووشەكی تۆماهۆكیان هەڵگرتووە و ئەگەر ژێردەریاییەكەی بەرتانیاشی بێتە سەر دەبێتە 158 مووشەك. 

ئەوانەیش جیا لە فڕۆكە و هێزەكانی زەوینی ئەمەریكا و بەریتانیا لە سووریا كە وەك جەنەڕاڵ ڤلادیمێر جەبارۆڤ، جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەرەوە لە ئەنجوومەنی فیدراڵی رووسیا گوتی، ئەمەریكا بەو هەنگاوانەی هەوڵی دروستكردنی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ رووسیا دەدا و ئێمەیش هەموو رێوشوێنێكمان بۆ خۆلادان وەرگرتووە، بەڵام هەر هەڕەشەیەك بۆ سەر سەربازانمان وەڵامی دەدەینەوە.

بەشێوەیەكی گشتی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو جەنگێكی جیهانی هەنگاو دەنێ و رەنگە هەر هێرشێكی ئەمەریكا زنجیرە رووبەڕووبوونەوەیەكی لێ بكەوێتەوە كە ئەگەر درەستبوونی جەنگێكی نوێی جیهانی لێ دەكرێ.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل