له دوای ھاوسه‌رگیری كردن و چوونه یه‌ك ماڵ، ناسینی ھه‌ردوو ھاوسه‌ر ده‌ست پێ ده‌كات به شێوه‌یه‌كی زیاتر و نزیكتر، ھه‌رچه‌نده پێش ھاوسه‌رگیری یه‌كیان ناسیبێت، به‌ڵام دوای ھاوسه‌رگیری ڕۆژ به ڕۆژ زیاتر له یه‌ك شاره‌زا ده‌بن، به‌ڵام له كۆتاییدا ده‌بێت زۆر ژیرانه و ھێمنانه مامه‌ڵه بكه‌یت.
لێره‌دا چۆنێتی
مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ھاوسه‌ری لووتبه‌رز و له هه‌مان كاتدا عاشق باس ده‌كه‌ین:
زۆر له ھاوسه‌ره‌كان وا ده‌زانن كه پیاوی لووت به‌رز كه‌سێكی خراپه، به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌و لووت به‌رزیه بوونی بۆشاییه‌ك یان كه‌مییه‌ك له خۆیدا ده‌بینێت، كه پێویستی به خۆشه‌ویستی و گرنگی پێدان و سۆزه بۆ پڕ كردنه‌وه‌ی، پیاوی لووت به‌رز زۆر باوه‌ڕی به خۆی ھه‌یه، به‌ڵام جیاوازیه‌ك له نێوان لووت به‌رزی و باوه‌ڕ به خۆ بوون ھه‌یه ئه‌ویش لووتبه‌رزی لاوازیه و باوه‌ڕ به خۆ بوون به ھێزیه.
چۆنێتی مامه‌ڵه كردن له‌گه‌ڵ ھاوسه‌ری لووتبه‌رز له چه‌ند خاڵێكدا باس ده‌كه‌ین:
1- گرنگی پێ بده: پیاوی لووتبه‌رز پێویستی به ھه‌ستی گرنگی پێدان ھه‌یه به‌رده‌وام له‌لایه‌ن ھاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه، ھه‌موو كات ڕاو بۆ چوونت ئه‌رێنی و ڕاستگۆیانه بێت له‌سه‌ر ھه‌ڵسوكه‌وت و ڕووكه‌ش و جلوبه‌رگی، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی زیاد له پێویست پیاھه‌ڵدان نا، گرنگی پێدانت تاكه كلیلی یه‌كه‌می گه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه‌و شكانی لووتبه‌رزیه له نێوانتاندا.
2- دوور كه‌وتنه‌وه له گفتوگۆی توند: پێویسته له كاتی گفتوگۆكردن به شێوه‌یه‌كی ھێمن بچیت بۆ بابه‌ته‌كان و زۆر به ھێمنی قسه بكه‌یت، كه‌سی لووتبه‌رز ڕه‌خنه و ده‌نگی به‌رز قبووڵ ناكات، ھه‌روه‌ھا پێویست ده‌كات كاتی گونجاو ھه‌ڵبژێری بۆ گفتوگۆ كردن.
3- یارمه‌تی بده له ده‌رخستنی خاڵی به‌ھێز و لاوازی‌دا: ھه‌موو مرۆڤێك خاڵی لاواز و خاڵی به‌ھێزی ھه‌یه، كه‌سی لووتبه‌رز ته‌نیا خاڵه به‌ھێزه‌كانی ده‌بینێت و خاڵی لاوازی نابینێت، یان دانی پێدا نانێت، به‌ڵام كه‌سانی ئاسایی خاڵی به‌ھێز و لاوازی خۆی ده‌بینێت، ده‌وری تۆ لێره‌دا ئه‌وه‌یه ئه‌و به‌رگه لا ببه‌یت له‌سه‌ر ڕووی، نه‌ك به ڕێگه‌ی ڕه‌خنه گرتن به‌ڵكو به ڕێگه‌ی ھاندانی و پاڵپشتی كردن و دۆزینه‌وه‌ی توانا ڕاسته‌قینه‌كانی.
4- باوه‌ڕت به خۆت ھه‌بێت: پیاوی لووتبه‌رز حه‌ز به گاڵته پێ كردن و كه‌مكردنه‌وه‌ی كه‌سانی ده‌ورو به‌ری ده‌كات و چێژی لێ ده‌بینێ، بۆیه پێویسته زۆر به باوه‌ڕ به خۆ بوون و ھێمنی و ئارامگرتن و ڕێگه نه‌ده‌ی كه له باوه‌ڕ به خۆ بوونت كه‌م بكاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانی به باشی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ی به بێ زیانی خۆت.