مانگی داهاتوو له لبنان دوو كۆنفرانسى تایبه‌ت به هه‌نگ به به‌شدارى كوردستان به‌ڕێوه ده‌چێت
نوێنه‌رى هه‌نگه‌وانانى پێنجوێن: ساڵانه به‌رهه‌مى هه‌نگوینى پێنجوێن ده‌گاته 25 تۆن
شاره‌زایه‌كى بواری به‌خێوكردنی هه‌نگ: له كوردستان 70%ی هه‌نگه‌وانان به‌شێوه‌یه‌كی نازانستی هه‌نگ به‌خێو ده‌كه‌ن
به‌هۆى هه‌ڵكه‌وته‌ى سروشتى و گونجاوى كه‌شوهه‌واكه‌ى، له سنوورى شارۆكه‌ى پێنجوێن ژماره‌یه‌كى زۆر له جووتیار و هاووڵاتیی ناوچه‌كه سه‌رقاڵى كارى هه‌نگه‌وانین. به گوته‌ى نوێنه‌رى هه‌نگه‌وانانى پێنجوێن، ساڵانه نزیكه‌ى 25 تۆن هه‌نگوین به‌رهه‌م دێنن، به‌ڵام وه‌ك پێویست بازاڕى ساغكردنه‌وه‌ى هه‌نگوینیان بۆ فه‌راهه‌م نه‌كراوه. ئه‌وه له كاتێكدا بڕیاره سه‌ره‌تاى مانگى داهاتوو هه‌نگه‌وانانى ناوچه‌كه به‌شدارى دوو كۆنفرانسى نێوده‌وڵه‌تى تایبه‌ت بهههنگهوانى له لبنان بكه‌ن.
ره‌فیق یاسین خاوه‌نی 300 پووره‌ى هه‌نگه له شارۆكه‌ى پێنجوێن و ئه‌و به"وشه"ى گوت، به‌رهه‌می ساڵانه‌ی به ته‌نیا ده‌گاته نزیكه‌ی چوار تۆن هه‌نگوین، به‌ڵام به‌گوته‌ی خۆی "ماوه‌ى دوو ساڵه به‌هۆی ناله‌باری كه‌شوهه‌وا و بوونی نه‌خۆشی، ژماره‌یه‌كی زۆر له هه‌نگه‌وانان زیانمه‌ند ده‌بن كاتێك به به‌رچاویانه‌وه هه‌نگه‌كانیان ده‌مرن، بۆیه به‌رهه‌میشمان وه‌ك پێویست باش نییه".
یاسین ره‌خنه‌ی له جۆر و كه‌میی هاوكاری و یارمه‌تییه‌كان هه‌یه كه وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ هه‌ندێك ساڵ دابینی ده‌كات و دووپاتی ده‌كاته‌وه، "هاوكارییه‌كان به راده‌یه‌ك كه‌من وه‌ك نه‌بوو وایه، ئه‌و دهرمانهیشی بۆ نه‌خۆشییه‌كان ده‌یبه‌خشن، ماوه‌ی به‌سه‌رچووه و مێرووی زیانبه‌خش ناكوژێ".
به‌ڵام رێبوار كه‌مال نوێنه‌رى هه‌نگه‌وانانى شارۆكه‌ى پێنجوێن به"وشه"ى راده‌گه‌یه‌نێت، وه‌ك هه‌نگه‌وانانى سنوورى پێنجوێن، ناوچه‌یه‌كى زۆر باشیان هه‌یه بۆ گرنگیدان و په‌ره‌پێدانى هه‌نگ و به‌هه‌مهێنانى هه‌نگوین. ئاماژه به‌وه‌یش ده‌كات، "پێنجوێن زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده به‌گژوگیا و پاوانى زۆر باش بۆ هه‌نگ".
به‌گوته‌ی كه‌مال، "وه‌ك هه‌نگه‌وانانى پێنجوێن ساڵانه نزیكه‌ى 25 تۆن هه‌نگوین به‌رهه‌م دێنین، به‌ڵام به‌هۆى نه‌بوونى بازاڕێك بۆ فرۆشتن و ساغكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كه، ده‌توانم بڵێم كه‌رتى هه‌نگ له سنوورى شارۆكه‌ى پێنجوێن به‌ره‌و پێشكه‌وتن نه‌ڕۆیشتووه و ئه‌وه‌ى پێوه‌ندى به حكوومه‌تیشه‌وه هه‌یه، وه‌ك هه‌نگه‌وانان داواكارى زۆرمان هه‌بووه له لایه‌نه پێوه‌نداره‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێم، به‌ڵام جێبه‌جێ نه‌كراون".
وه‌ك نوێنه‌رى هه‌نگه‌وانانى شارۆكه‌ى پێنجوێن ئاماژه‌ی بۆ كرد، سه‌ره‌كیترین داواكارییان له حكوومه‌ت ئه‌وه‌یه كۆنتڕۆڵ بۆ هاورده‌كردنى جۆره ده‌رمانێكى قڕكه‌رى هه‌نگ دابنێت، هاوكات بیكات به مه‌رج كه ئه‌و جۆره قڕكه‌رانه‌ی دێنه كوردستانه‌وه زیان و ترسى بۆ سه‌ر له‌ناوبردنى هه‌نگ نه‌بێت.
لای خۆیه‌وه د. موحسین سه‌عید شاره‌زا له بواری به‌خێوكردنی هه‌نگ له پێنجوێن، باس له‌وه ده‌كات كه تا ئێسته به دیدێكی ئابووری سه‌یری به‌خێوكردنی هه‌نگ له كوردستان ناكرێت و 70%ی هه‌نگه‌وانه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی نازانستی هه‌نگ به‌خێو ده‌كه‌ن، هه‌رچه‌نده ژینگه‌ی كوردستان ئه‌وه‌نده له‌باره بۆ به‌خێوكردنی هه‌نگ كه توانای له‌خۆگرتنی یه‌ك ملیۆن پووره هه‌نگی هه‌یه.
ئه‌و شاره‌زایه بۆ "وشه" روونی كرده‌وه، "زیادبوونى به‌رهه‌مى هه‌نگوینیش به‌شێوه‌یه‌كى گشتى له كوردستان، پێوه‌سته به شاره‌زایی هه‌نگه‌وان و پاڵپشتییه‌كانی ده‌وڵه‌ت بۆ دابینكردنی پێداویستییه‌كانی له ده‌رمانی قڕكه‌ری نه‌خۆشییه‌كان و رێنوێنی و دواتریش كاریگه‌ری باری كه‌شوهه‌وا و بارانبارین".
هه‌رچی عوسمان مه‌جید لێپرسراوى پێوه‌ندییه‌كانى تۆڕى هه‌نگه‌وانانى كوردستانه و بۆ "وشه" ئه‌وه ده‌خاته ڕوو، هه‌نگه‌وانانى كوردستان به‌شێوه‌یه‌كى گشتى هاوشێوه‌ى جووتیار كه سه‌رقاڵى كشتوكاڵ و باخدارى و به‌شێكیشیان به ئاژه‌ڵدارییه‌وه، ئه‌مانیش به هه‌نگ و به‌رهه‌مى هه‌نگوینه‌وه سه‌رقاڵن و وه‌ك تۆڕى هه‌نگه‌وانانى كوردستانیش سه‌ربارى ئه‌و بارودۆخه قورس و ناهه‌مواره‌ى تووشى سه‌رجه‌م بوار و سێكته‌ره‌كان بووه‌ته‌وه، ئێمه نه‌وه‌ستاوین و ئێسته‌ش سه‌ردانى ته‌واوى شاره‌دێ و شارۆكه‌كانى كوردستان ده‌كه‌ین به تایبه‌تیش ئه‌و ناوچه و شوێنانه‌ى هه‌نگه‌وانانى تێدا بێت، به‌مه‌به‌ستى خۆئاماده‌كردن بۆ فێستیڤاڵى نێوده‌وڵه‌تى عه‌ره‌بى هه‌نگ.
مه‌جید گوتی، "وه‌ك تۆڕى هه‌نگه‌وانانى كوردستان له زۆر شوێنى دنیا ئه‌ندامین و له زۆربه‌ى وڵاتانى دنیا و عه‌ره‌بى به‌شدارى كۆڕ و كۆبوونه‌وه و كۆنفڕانسهكانمان له‌باره‌ی هه‌نگ و هه‌نگوین كردووه، توێژینهوهشمان پێشكه‌ش كردووه، ساڵى رابردوو له شارى شهرمشێخى میسڕ یه‌كێك له هه‌نگه‌وانه‌كانى كوردستان له دوو كۆنگره‌دا یه‌كه‌م بوو، یه‌كێكیان كۆنگره‌ى هه‌نگه‌وانانى عه‌ره‌ب و ئه‌وی تریشیان كۆنگره‌ى هه‌نگه‌وانانى ده‌ریاى سپى بوو".
"ئێسته‌یش له خۆئامادهكردنداین تا له ئاستێكى باش‌دا بۆ مانگى داهاتوو تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ر به‌ره‌و لبنان به‌ڕێ بكه‌وین و له دوو كۆنگره‌ى تایبه‌ت به هه‌نگه‌وانان به‌شدارى بكه‌ین، كه یه‌كیان كۆنگره‌ى یانزهیهمینى وڵاتانى عه‌ره‌به، گرنگى كۆنگره‌كه‌ش له‌وه‌دایه كۆمه‌ڵێك له زانكۆكانى وڵاتانى عه‌ره‌ب و توركیا و ئه‌مه‌ریكا و فڕه‌نسا، تازه‌ترین توێژینه‌وه‌كانیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن له بوارى زانستى هه‌نگه‌وانیدا، پێشانگه‌یه‌كى گه‌وره‌ى ده‌رمانه‌كانى هه‌نگه‌وانیش ده‌كرێته‌وه، بۆیه ئاماده‌بوونى هه‌نگه‌وانانى كوردستان به گرنگ ده‌زانین، چونكه له ساڵى 2019 هه‌مان كۆنگره له كوردستانیشدا بڕیاره ئه‌نجام بدرێت". مه‌جید وای گوت.
به‌پێى ئامارێكى تۆڕى هه‌نگه‌وانانى كوردستان كه وێنه‌یه‌كى تایبه‌ت به "وشه" دراوه، له‌باره‌ی ژماره‌ی هه‌نگه‌وانان و ئه‌و پووره هه‌نگانه‌ی له كوردستاندا هه‌ن، زیاتر له 13 هه‌زار و 500 هه‌نگه‌وان له كوردستاندا هه‌ن و نزیكه‌ی 10 هه‌زار و 600 هه‌نگه‌وان ئه‌ندامن له كۆمه‌ڵه‌كان، ژماره‌ی پووره ههنگهكانیشیان ده‌گاته 275 هه‌زار پووره هه‌نگ كه به‌رهه‌می ساڵانه‌یان ده‌گاته نزیكه‌ی 800 تۆن له كوردستان.
به‌خێوكردنی هه‌نگ له ناوچه كوێستانییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و به‌تایبه‌تیش شارۆكه‌ى پێنجوێن، به‌هۆى له‌بارى كه‌شوهه‌واكه‌یه‌وه په‌ره ده‌سێنێت و بازاڕه‌كانى كوردستانیش به به‌رهه‌مى خۆماڵى هه‌نگوین پڕ بووه‌ته‌وه، به‌ڵام هاووڵاتییان هه‌میشه نیگه‌رانی ده‌رده‌بڕن له ساخته‌كاری و فێڵكردن له‌و به‌رهه‌مه‌دا.
وشه/ رێبین پێنجوێنى