نرخی نەوت له‌ به‌رز بوونه‌وه‌یه‌

دوو ڕۆژه‌ نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا، بە خێرایی ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە و گەیشتووەتە نزیكەی 78.67 دۆلار.

لە دوێنێ بەیانییەوە سەرووی دوو دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك هەڵكشاوە و بەرزترین نرخ كە لەو ماوەیەدا تۆمار كرابێت بریتی بووە لە 79 دۆلار و 51 سەنت.

بەگوێرەی "dailyfx" نرخی نەوتی ئەمەریكیش بە هەمان خێرایی بەرز بووەتەوە و لە 67 دۆلار و 46 سەنتەوە گەیشتووەتە 70 دۆلار و 30 سەنت.

دوێنێ دامەزراوەی راوێژكاری گلۆبال ئینرجی پێشبینی ئەوەی كرد، سزاكانی ئێران دەبێتە هۆی ئەوەی ئێران نەتوانێ هیچ بڕە نەوتێك هەناردە بكات و ئەمەش نرخی نەوت تا 100 دۆلار بەرز دەكاتەوە.

ئەم دامەزراوەیە لە هۆنگ كۆنگ لە كۆنفرانسێكدا ئەوەی خستەڕوو كە ئەگەر سزاكانی سەر ئێران نەبوونایە، ئەوا نرخی نەوت لە ئاستی 70 دۆلار دەمایەوە و تەنانەت بە كەمتر لەو نرخەش دەفرۆشرا، بەڵام سزاكان نرخەكەی بەرز دەكەنەوە.

پێویستە بگوترێ لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە دەست بە سەپاندنی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران دەكرێت كە قۆناغی دووەمی سزاكانە و كەرتی نەوت و وزە دەگرێتەوە.

هه‌روه‌ها هەر جۆرە كێشە و جەنگێك لە نێوان دوو وڵاتی زلهێزی ئابووری، كاریگەری بۆ سەر پاشەكشەی ئابووری دنیا دەبێت و لەو كاتەشدا نرخی نەوت دادەبەزێت كە چەرخی پیشەسازی دنیای پێ هەڵدەسووڕێت.

نەوت لەو بەرهەمە گرنگانەیە كە ڕووداوەكانی دنیا راستەوخۆ كاریگەری لەسەر دادەنێت و هەر جۆرە بەرزبوونەوەیەك لە بەرهەمهێنان ئەوا كاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخی نەوت دەبێت.


وشە - محەمەد میران


PM:12:44:14/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 457 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌