دوێنێ ئێوارە لە پاریسی پایتەختی فڕەنسا ژمارەیەك كەسایەتی و چالاكی سیاسی و هێز و لایەنی سیاسی رۆژهەڵاتی كوردستان، خۆپێشاندانێكی ناڕەزایییان بەرانبەر بە باڵوێزخانەی ئێران لە فڕەنسا بەڕێوە برد و كردەوەكانی ئەمدواییەی كۆماری ئیسلامیی ئێرانیان سەركۆنە كرد و دوای رێوڕەسمەكەش هێرش كرایە سەر باڵوێزخانەی ئێران.
دوابەدوای خۆپێشاندانەكە، ژمارەیەك چالاكی هێرشیان كردە سەر باڵوێزخانەی ئێران لە فڕەنسا و شووشە و جامی باڵەخانەكەیان بە تەواوی شكاند و زیانیان بە باڵەخانەكە گەیاند.
بەگوێرەی "
كوردستان وكورد" ماڵپەڕی فەرمی حزبی دیموكراتی كوردستان لەو خۆپێشاندانە جگە لە پەیامی حزبەكەیان، پەیامی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و چەند كەسایەتییەكی تر خوێنرایەوە و تیرۆری سێ لاوی كورد و هێرش بۆ سەر بنكەی دەفتەری سیاسیی حزبی دیموكرات سەركۆنە كرا.
هاوكات میدیاكانی ئێرانیش ئەم رووداوە پشتڕاست دەكەنەوە و رەخنەش لە حكوومەتی فڕەنسا دەگرن لەوەی نەیانتوانیوە پارێزگاری لە باڵوێزخانەكەیان بەكەن.
ئاژانسی "
فارسنیوز" بڵاوی كردەوە، پۆلیسی فڕەنسا هەر پێشتر لەو جۆرە هێرشە ئاگادار بووە، بەڵام لە كاتی هێرشەكەدا لە بەردەم باڵوێزخانە ئامادە نەبووە و دوای هێرشەكە خۆی گیاندووەتە شوێنەكە. ئاژانسەكە پێی وایە حكوومەتی فڕەنسا لەو هێرشەی كراوەتە سەر باڵوێزخانەكەیان كەمتەرخەم بووە.