ئێران پەرە بە پیتاندنی یۆرانیۆم دەدات

:: PM:03:35:15/09/2018 ‌

یەكێك لە گرنگترین ئەو هۆكارانەی وای كرد ئێران لانی كەم لە دەیەی رابردوودا تووشی كۆمەڵیك نەهامەتی و تەنگژەی دارایی و گەمارۆ و سزا ببێتەوە، ئەو چالاكییانە بوو كە بە ئامانجی بەرهەمهێنانی بۆمبی ناوكیی دەستی پێ كردبوو.

محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ گۆڤاری ئەڵمانی شپیگڵ دووبارە هەڕەشەی ئەوە دەكات لەوانەیە ئێران رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بەرز بكاتەوە ئەگەر ئەوروپا رێیەكی نوێ بۆ پێوەندییەكانی لەگەڵ ئێران نەدۆزێتەوە.

بەگوێرەی "مێهرنیوز" ئەو گلەیی لە ئەوروپییەكان دەكات و دەڵێت، دوای ئەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوكی كشایەوە، پێویستە ئەوروپییەكان قەرەبووی ئەو زیانانەی ئێران بكەنەوە و رێچارەیەكی گونجاو بدۆزنەوە.

ئەو لەبارەی دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان لەگەڵ ئەمەریكا گوتی، تەنیا كاتێك لەگەڵ ئەمەریكا دەست بە دانوستان دەكەن كە ئەمەریكا لە كشانەوەی رێككەوتنەكە پاشگەز ببێتەوە.

جێی باسە لە هەشتی ئایاری ئەمساڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بە فەرمی لە رێككەوتنی ناوكی كشایەوە و هەڕەشەی سەپاندنی توندترین سزاكانی لە ئێران كرد.

لە شەشی ئابی ئەمساڵ قۆناغی یەكەمی سزاكان بەسەر ئێراندا سەپێنرا و بڕیارە لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمیشەوە قۆناغی دووەمی سزاكان دەست پێ بكات كە كەرتی نەوت و وزە دەكاتە ئامانج.



وشە - سلێمان تاشان