10 بەناوبانگترین كتێبی دنیا كە قەدەغە كراون

:: PM:02:20:13/12/2016 ‌

زۆرن ئەو كتێبانەی كە بە هۆكاری جۆراوجۆری سیاسی، ئاینی، كۆمەڵایەتی، یاسایی و .. هتد لە هەندێك لە كۆمەڵگە و وڵاتانی دنیا قەدەغە كراون، ئەو 10 كتێبەی خوارەوەش لە بەناوبانگترین كتێبە قەدەغەكراوەكانن:

یەكەم- هاری پۆتەر:
ئەم كتێبە هی نووسەر جەی كەی رۆلینگە، لە قوتابخانەكانی ئەمەریكا قەدەغە كرا، بە هۆی ئەوەی بەشێك لە زانیاری و چیرۆكەكانی بابەتی جادووگەری و خەیاڵئامێزن.

دووەم- مەسخ (بەدگۆڕان):
ئەم كتێبە لەلایەن فڕانز كافكاوە نووسراوە، لە یەكێتی سۆڤیەتی جاران و ئەڵمانیای نازی قەدەغە بوو.

سێیەم- شتە تێكشكاوەكان:
هی نووسەری نەیجیریایی چناوا ئەتچیبییە، لە بارەی داگیركاری و مانەوەی شارستانیەتی خۆماڵی دوای داگیركاری دەدوێت، لە مالیزیا و چەند شوێنێكی تر قەدەغەیە.

چوارەم- یادنامەی كچێكی بچووك:
ئەم كتێبە هی ئان فڕانكە، هۆكاری قەدەغەكردنی دەگەڕێتەوە بۆ یەك رستەی ناو كتێبەكە كە گوزارشتێكی سێكسئامێزە.

پێنجەم- كێڵگەی ئاژەڵان:
هی نووسەری بەریتانی جۆرج ئۆڕوێڵە، لە یەكێتی سۆڤیەتی جاران و كۆریای باكور و چەند وڵاتێكی تر قەدەغەیە، ئەمەش بە هۆی مەبەستە سیاسییەكانی كتێبەكە، كە باس لە كۆدەتای سەربازی و دەست بەسەردا گرتنی شۆڕش دەكات.

شەشەم- ئەمەریكییەكی تیرۆركراو:
ئەم كتێبە لەلایەن برێت ئیستۆنەوە نووسراوە، چیرۆكەكەی باس لە كوژرانی پیاوێكی ئەمەریكایی دەكات، لە ئەمەریكا قەدەغە كراوە، بە هۆی ئەوەی توندوتیژی بەشێوەیەكی بەرچاو تێیدا رەنگی داوەتەوە.

حەوتەم- كۆدی داڤێنچی:
هی نووسەری ئەمەریكایی دان بڕاونە، لە ساڵی 2004 بڵاو بووەتەوە، دوای ئەوەی ناوەڕۆك و رووداوەكانی لەلایەن ژمارەیەك لە پیاوانی ئاینیی مەسیحی سەركۆنە كرا، لە وڵاتی لبنان قەدەغە كرا.

هەشتەم- پەنجا سێبەری خۆڵەمێشی:
هی نووسەری بەریتانی ئی. ئێڵ. جەیمسە، لە وڵاتی مالیزیا قەدەغە كراوە، بە هۆی ناوەڕۆكە سێكسی و سادییەكەیەوە.

نۆیەم- سووڕی شێرپەنجە:
هی نووسەری ئەمەریكایی هێنری میلەرە، لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا تا ساڵی 1960 قەدەغە بوو، بە هۆی ناوەڕۆكە سێكسییەكەی.

دەیەم- هەزار و یەك شەو:
كتێبێكی دێرینی عەرەبیی بەناوبانگە، بە ناونیشانی "شەوە عەرەبییەكان" وەگێڕدراوەتە سەر زمانی ئینگلیزی، بە هۆی هەندێك باسی سێكسی لە ناوەڕۆكەكەیدا، بەگوێرەی یاسای نەهێشتنی فاحیشە لە ساڵی 1873 لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا قەدەغە بوو.

سەرچاوە: سپوتنیك


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی