پیتەر چیك ناوی چووە كتێبی گینسەوە

:: AM:11:54:13/10/2016 ‌

پیتەر چیكی گۆڵپارێزی چیكی و یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی ناوی چووە نێو كتێبی (گینس) بۆ ژمارە پێوانەییەكان دوای ئەوەی توانی لەگەڵ دوو یانەی جیاوازی خولی نایابی ئینگلیزیدا خەڵاتی دەستەوانەی زێڕینی وەك باشترین گۆڵپارێز بردەوە.

چیك دوێنێ چوارشەم لەلایەن یەكەتیی تۆپی پێی ئینگلیزییەوە خەڵاتی دەستەوانەی زێڕینی پێدرا و ئەمەش بووە چوارەمینجار خەڵاتەكە بباتەوە لەگەڵ یانەكانی چێڵسی و ئارسناڵ.

ئەو گۆڵپارێزە بۆ یەكەمجار لە وەرزی 2004-2005 لەگەڵ یانەی چێڵسی خەڵاتی دەستەوانەی زێڕینی بردبووەوە دوای ئەوەی توانیبووی لە 21 یاری لەسەریەكدا گۆڵی تیپەكەی بەخاوێنی رابگرێت، دواتریش لە وەرزی 2009-2010 جارێكی تر خەڵاتەكەی بردبووەوە دوای ئەوەی لەگەڵ یانەكە لە 17 یارییدا گۆڵی نەخواردبوو.

جاری سێیەمیش هەر لەگەڵ یانەی چێڵسی بوو لە وەرزی 2013-2014 كە توانیبووی لە 16 یارییدا گۆڵی یانەكە بەخاوێنی رابگرێت، وەرزی رابردووش لەگەڵ یانەی ئارسناڵ لە 16 یاریدا هیچ گۆڵێكی لێ نەكرابوو و بۆ چوارەمجار خەڵاتی دەستەوانەی زێڕینی پێدرا.

جێی باسە چیك ئێستا ژمارەی خەڵاتەكانی دەستەوانەی زێڕین لەگەڵ جۆ هارتی گۆڵپارێزی پێشووی یانەی مانچستەر سیتی یەكسانە كە ئەویش پێشتر 4 جار خەڵاتەكەی بردبووەوە.

وشە/ ئامانج ئەكرەم




وشە - باز ئه‌حمه‌د