لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو دەریای خەزەرکە کەوتووەتە
باکوری ئێران و بە گەورەترین دەریای دنیا هەژمار دەکرێت کە رێگەی بۆ سەر زەریا نییە،
یەک مەتر دابەزیوە و وەک ئەوە وایە 12 دەریاچەی
ورمێی پێ پڕ کرابێت.
هۆکاری سەرەکی کەمبوونەوەی ئاوی ئەم دەریایە بۆ
کەمبوونەوەی باران و ئاوی ئەو رووبارانە دەگەڕێتەوە کە دەڕژێنە دەریای خەزەرەوە.
دەریای خەزەر لە نەخشەی جوگرافی دنیا بە دەریای
کاسپین و عەرەبەکانیش بە بەحری قەزوینی دەناسن و لە ناوخۆی ئێران دەریای مازەندەرانیشی
پێ دەگوترێت. ئەم دەریایە لەگەڵ پێنج وڵات هاوسنوورە و خاوەنی سامانێکی دەوڵەمەندی
نەوت و گازە.
مەسعود شەفیقی سەرۆکی رێکخراوی نەخشەدانانی ئێران
گوتی رووبەری ئەم دەریاچەیە 380 کیلۆمەتری چوارگۆشە کەمی کردووە.
بە گوێرەی "دۆیچەوێلێ" رووباری ڤۆلگا کە
لە رووسیاوە سەرچاوە دەگرێت 75%ی ئاوی خەزەر دابین دەکات و لە چەند ساڵی رابردوودا
رووسیا بە رێژەیەکی بەرچاو سوودی لەو رووبارە وەرگرتووە و بۆ مەبەستی کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی
کارەبا بەکاری هێناوە و رێگری لەوە کردووە بە رێژەی گونجاو رووبارەکە بڕژێتە نێو دەریای
خەزەرەوە و ئەمەش بە گرنگترین هۆکاری کەمبوونەوەی ئاوی دەریاکە هەژمار دەکرێت