زاگرۆس فه‌تاح به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بودجه‌ی پڕۆژه‌كان له وه‌زاره‌تی پلاندانانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا باس له‌وه ده‌كات كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له چوار ساڵی رابردوودا به سه‌ركه‌وتوویی توانیویه‌تی رووبه‌ڕووی ته‌نگژه‌كان ببێته‌وه.
دووپاتیشی ده‌كاته‌وه "ئه‌و چاكسازییه‌ی ده‌ستیان پێ كردووه، هه‌ر ده‌بێ ته‌واوی بكه‌ن سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌ندێك لایه‌ن موزایه‌ده‌ی سیاسیی پێوه ده‌كه‌ن و رێگرن له به‌رده‌می".
زاگرۆس په‌ره‌پێدانی كه‌رتی تایبه‌ت به گرنگترین پلانی حكوومه‌ت هه‌ژمار ده‌كات و به پێویستی ده‌زانێ زۆر له خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌م كه‌رته بێنه سپاردن.
له چوار ساڵی رابردوودا حكوومه‌ت بودجه‌یه‌كی ئه‌وتۆی له به‌رده‌ستدا نه‌بووه، ئایا بێ بودجه‌یی بێ پلانیشی به‌دواوه بووه؟
نه‌خێر، بێ بودجه‌یی و ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر حكوومه‌ت هات، كۆمه‌ڵێك ته‌نگژه‌ی یه‌ك له دوای یه‌ك بوون كه له 2014دا ده‌ستی پێ كرد، پێوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ به‌غدا تێكچوو، شایسته دارایییه‌كانی ئێمه‌یان بڕی كه بڕیارێكی سیاسی بوو. ناشتوانی ئاماده‌كاریت به‌رانبه‌ر بڕیارێكی له‌م شێوه‌یه هه‌بێت، تاكه پلان ئه‌وه‌بوو ده‌بێ سه‌رچاوه‌ی داهاتی باشت هه‌بێ كه زۆر ئه‌سته‌مه و ئاسان نییه قه‌ره‌بووی 15 ملیار دۆلار بكه‌یته‌وه. پلانه‌كه ئه‌وه‌بوو خۆت نه‌وت بفرۆشیت و دوای ئه‌مه‌ش هه‌ر وای لێ هات، بۆیه حكوومه‌تی هه‌رێم هه‌وڵی فرۆشتنی نه‌وتی دا. به‌غدا له مانگی شوبات بودجه‌یان بڕی، ئێمه له مانگی ئایار توانیمان ده‌ست به هه‌نارده‌ی نه‌وت بكه‌ین. جگه له‌مه، داعش سه‌ری هه‌ڵدا، پاره و توانایه‌كی زۆری سه‌ربازی كه‌وته ده‌ستی داعش و به‌ره‌وڕووی شه‌ڕێكی گه‌وره بووینه‌وه كه توانایه‌كی زۆری ده‌ویست، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره هاتنه هه‌رێمی كورستان.
ئه‌و هه‌موو رووداوانه له ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی حوكمڕانی بوون، له‌وانه خراپتر نرخی نه‌وتیش دابه‌زی. ده‌بێ تێبگه‌ین كه وابه‌سته‌یی به نه‌وت شتێكی خراپه، به‌ڵام كه وابه‌سته‌ش نابیت چی ده‌كه‌ی؟ خۆ ناتوانی وه‌ك ئه‌ڵمانیا و وڵاتانی تر ئۆتۆمبێل به‌رهه‌م بێنی كه بۆ ئه‌وان به‌رهه‌می سه‌دان ساڵ پێشكه‌وتنیانه، ئێران توانای زۆری هه‌یه و سه‌دان ساڵه ده‌وڵه‌ته و سه‌ره‌ڕای ئه‌مه، ته‌نیا نه‌وته‌كه‌ی نه‌فرۆشرێت تووشی گه‌وره‌ترین نه‌هامه‌تی ده‌بێت، با ده‌وڵه‌تێكی ئه‌وروپی 95%ی بودجه‌ی ببڕێ، پاشان سه‌رووی 28%ی رێژه‌ی دانیشتووانی زیاد بكات و تووشی شه‌ڕی دژی دڕنده‌ترین رێكخراو بێت، بزانین چۆن ده‌توانێ خۆی رابگرێت؟. كۆڵه‌كه‌ی ئابووری ئه‌وروپا ئه‌ڵمانیایه و ته‌نیا ملیۆنێك ئاواره‌ی وه‌رگرت، كه‌چی تووشی چه‌ندان ته‌نگژه‌ی سیاسی و ته‌ناهی بووه‌وه. ملیۆنێك و نیو ئاواره هاتنه كوردستان و به‌مه‌ش سه‌رووی 28% ی ژماره‌ی دانیشتووان زیادی كرد. بێكاری زیادی كرد، كێشه هه‌یه و مووچه له كاتی خۆی نه‌درا، به‌ڵام نه‌بوو به ته‌نگژه، به‌ڵكو بوو به كێشه، ته‌نگژه ئه‌وه‌بوو خه‌ڵك له برسان بمردنایه، نه‌خۆشخانه‌كان نه‌یانتوانیایه چاره‌سه‌ری نه‌خۆش بكه‌ن، نابێت كێشه‌كه له چوارچێوه‌ی خۆی گه‌وره‌تر بكه‌ین، حكوومه‌تی هه‌رێم باش به‌ره‌نگاری ئه‌م رووداوانه بووه‌وه.
پێش ساڵی 2014 پلانی گشتگیر هه‌بوو بۆ پڕۆژه‌كان، به‌ڵام دواتر زۆربه‌یان وه‌ستاند، دوای چوار ساڵ چی له‌و پڕۆژانه ده‌كرێ، ئایا بودجه‌یان بۆ دابین ده‌كرێ و به هه‌مان پلان جێبه‌جێ ده‌كرێن یان پلانی نوێ بۆ پڕۆژه‌كان داده‌نێن؟
10 ساڵی پێش 2014 خزمه‌تگوزاری زۆر گه‌وره پێشكه‌ش كرا له دروستكردنی ئاو و ئاودێری و به‌نداوه‌وه، بگره تا ده‌گاته نه‌خۆشخانه و فڕۆكه‌خانه، زانكۆ، قوتابخانه و به ده‌یان پڕۆژه‌ی تر، گله‌یی ئه‌وه‌بوو ده‌كرا باشتر بێت و زیاتر بێت و ئه‌گه‌ر پاره‌ی زیاتر به مووچه نه‌درایه، قوتابخانه‌ی زیاتر داده‌مه‌زران، كه ئه‌ویش پێوه‌ندی به بارودۆخه‌كه هه‌بوو و پاره‌ی زۆر به خه‌ڵك درا، نابێ ئه‌و ناهه‌قییه‌ش بكرێ و پرسیار بكرێ ئه‌و پاره‌یه‌ی له به‌غدا هات چی لێ هات، چونكه یا بۆ پڕۆژه‌كان بووه یان بۆ مووچه رۆیشتووه. له‌وانه‌یه سووكه گه‌نده‌ڵی هه‌بووبێت، یه‌كێك دوو مووچه‌ی وه‌رگرتبێت، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه هه‌موو پاره‌كه خه‌رج كراوه. دوای 2014 ئه‌وانه‌ی توانییان پڕۆژه‌كانیان ته‌واو بكه‌ن، چه‌كمان ده‌دانێ و چه‌كه‌كان بازاڕێكیان دروست كردبوو كه ده‌فرۆشران یان ده‌یانتوانی هه‌ندێكی له بانك وه‌ربگرن و هه‌ندێكیان به‌رده‌وام بوون، زۆربه‌شیان وه‌ستان كه به‌ڵێنده‌ره‌كان له توانایاندا نه‌بوو درێژه‌ی پێ بده‌ن، به‌ڵێنده‌ران به راستی زیانێكی زۆریان كرد، به‌ڵێنده‌رێك كه 300 هه‌زار دۆلاری لای حكوومه‌ت بووبێت و حكوومه‌ت چه‌كی پێ دابێت، له‌وكاته‌دا پاره له بانك نه‌بووه و ناچار به زیان فرۆشتوویه‌تییه‌وه، به گشتی زیانیان كرد و زۆر له به‌ڵێنده‌ران ئه‌وه‌ی پێشتر له كاره‌كه‌یان قازانجێكیان ده‌سته‌به‌ر كردبوو، له پڕۆژه‌كاندا خه‌رجیان كرد و سه‌روماڵی خۆشیان تێدا دانا.
له‌و چوار ساڵه‌دا هه‌ندێك پڕۆژه ته‌واو بوون، ئه‌وكات مانگانه زیاتر له 200 ملیۆن دۆلار له پڕۆژه‌كان خه‌رج ده‌كرا، به‌ڵام به یه‌كجاری كه‌می كرد، بۆیه زۆریان وه‌ستان و ئێسته كه توانای دارایی تا ئاستێك به‌رز بووه‌ته‌وه، مووچه تا راده‌یه‌ك به‌رز كراوه‌ته‌وه و پاره‌یه‌كی زیاتر له به‌رده‌سته و ده‌كرێ بۆ پڕۆژه‌كان خه‌رج بكرێ. ئێسته به‌ڵێنده‌ران مانگانه بڕه پاره‌یه‌كیان بۆ خه‌رج ده‌كرێ، زۆر پڕۆژه خه‌ریكی كاركردنن و ته‌نانه‌ت خه‌ریكه به‌ره‌و ته‌واوبوون ده‌چن.
به‌ڵێنده‌ران ده‌ڵێن خه‌رجكردنی پاره بۆ پڕۆژه‌كان زیاتر به قسه‌یه و به كرده‌نی هیچیان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه؟
به كرده‌نی 180 پڕۆژه له سلێمانی هه‌ر ئێسته مانگانه پاره وه‌رده‌گرن و له جێبه‌جێكردندان.
ئه‌ی پارێزگاكانی هه‌ولێر و دهۆك؟
هێشتا بۆ ئه‌وان خه‌رج نه‌كراوه. بڕیاره بڕه پاره‌یه‌ك وه‌ربگیرێت و هه‌ندێك قه‌رزی به‌ڵێنده‌رانی پێ بدرێته‌وه، مانگانه‌ش هه‌ندێك پاره بۆ ته‌واوكردنی پڕۆژه‌كان دابین بكرێ. هه‌ندێك پڕۆژه هه‌ن 90%یان جێبه‌جێ كراون و ده‌كرێ به بڕه پاره‌یه‌كی كه‌م ته‌واو بكرێن.
ژماره‌ی جیاواز له‌سه‌ر قه‌رزی به‌ڵێنده‌ران ده‌گوترێ، ئه‌وان باس له سه‌رووی ملیار دۆلار ده‌كه‌ن، ژماره‌كه لای ئێوه چه‌نده؟
ئه‌و بڕه نازانرێت، چونكه چه‌كمان داوه‌ته به‌ڵێنده‌ر، ئه‌و فرۆشتوویه‌تییه كه‌سێكی تر یان له حیسابی خۆیان هه‌ڵیانگرتووه یان كڕین و فرۆشتنی پێ كراوه، ئه‌مه وای كردووه ژماره‌كه لای كه‌س نه‌بێت، به‌پێی شاره‌زایی خۆم كه‌متر له 500 ملیۆن دۆلاره.
له‌مه‌ودوا چ بڕه پاره‌یه‌ك بۆ به‌ڵێنده‌ران دابین ده‌كه‌ن؟
دوو شێوه‌یه، یه‌كه‌م بڕێكی زۆر ته‌رخان ده‌كرێ و شێوه‌ی تریش مانگانه بڕێك به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام ده‌ده‌ن بۆ به‌رده‌وامیدان به پڕۆژه‌كان.
پڕۆژه‌ی نوێ هه‌یه له پلاندا بێت و حكوومه‌ت به پێویستی بزانێ پاره‌ی بۆ ته‌رخان بكات؟
مه‌گه‌ر پڕۆژه‌ی بچووك بێت، بۆ نموونه بۆڕییه‌ك ته‌قابێت یان چاككردنه‌وه‌ی كاره‌با بێت. ئه‌و بودجه‌یه به‌رده‌ست نه‌بووه بۆ پڕۆژه‌ی گه‌وره، ته‌نانه‌ت بۆ پڕۆژه‌ی مامناوه‌ندیش توانا نه‌بووه، هه‌ندێك پڕۆژه هه‌بووه به قه‌رز له‌لایه‌ن به‌ڵێنده‌ران جێبه‌جێ كراون، یه‌كێك له‌وانه پڕۆژه‌ی 120 مه‌تری هه‌ولێره كه له‌سه‌ر توانای خۆیان كراوه.
راسته حكوومه‌ت له جیاتی پاره‌ی كاش زه‌وی به هێمن گرووپ ده‌دا؟
من ئاگادار نیم و ئه‌مه لای شاره‌وانییه و نازانم چۆن قه‌ره‌بووی ئه‌و پڕۆژه‌یه ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام پڕۆژه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووه و جگه له خزمه‌تگوزاری، كوالێتی پڕۆژه‌كه‌ش به‌رزه و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یان مافی خۆیانه جا له رێی پاره بێت یان زه‌وی.
كۆی قه‌رزی سه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چه‌نده؟
ئێسته به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ك له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دامه‌زراوه بۆ پرسی قه‌رز، ئه‌وان خه‌مڵاندن ده‌كه‌ن كه كۆی گشتیی ئه‌و قه‌رزانه‌ی له‌سه‌ر حكوومه‌ته چه‌نده و قه‌رزه‌كان پۆلێنبه‌ندی ده‌كرێن، قه‌رزه‌كان بۆ مووچه، كۆمپانیاكانی بیانی و ناوخۆیی، به‌ڵێنده‌ران، بانكی بیانی و ئه‌هلی و بازرگانی ده‌گرێته‌وه.
ئایا قه‌رزه‌كه ئه‌وه‌نده زۆره حكوومه‌ت به‌مزووانه نه‌توانێ بیداته‌وه؟
جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت باسی له‌وه كردووه كه قه‌رزی سه‌ر حكوومه‌ت له نێوان 15 تا 20 ملیار دۆلاره، به‌ڵام خه‌ڵكێكی زۆریش هه‌ن كه به حكوومه‌ت قه‌رزدارن له قه‌رزی هاوسه‌رگیری و خانووبه‌ره بگره تا قه‌رزی كۆمپانیاكان.
له چوار ساڵی رابردوودا رێژه‌ی بێكاری و هه‌ژاری چ گۆڕانكارییه‌كی به‌سه‌ردا هاتووه؟
پێش سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م ته‌نگژه‌یه، رێژه‌ی هه‌ژاری له كوردستان بریتی بوو 3.5%، به هاتنی ئاواره‌كان و ئه‌و دۆخه‌ی له كوردستان هاته كایه‌وه بۆ 8% به‌رز بووه‌ته‌وه و رێژه دیاریكراوه‌كه له كۆتایی ساڵ ده‌رده‌كه‌وێت. رێژه‌ی بێكاریش پێشتر نزیكه‌ی 6.5% بووه، به‌ڵام تا 14% به‌رز بووه‌ته‌وه كه بۆ هۆی كێشه‌ی ئابووری ده‌گه‌ڕێته‌وه و به‌هۆی راوه‌ستانی پڕۆژه‌كان خه‌ڵكێكی زۆر بێكار بوون.
ئه‌وه‌ی ئاشكرایه نرخی نه‌وت به‌رز بووه‌ته‌وه و به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كیش هه‌نارده‌ی نه‌وت به به‌راورد به مانگی ته‌مووز 40% زیادی كردووه، هیچ پلانێكتان هه‌یه بۆ دابه‌زاندنی رێژه‌ی هه‌ژاری و بێكاری؟
دوو شت كار له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، یه‌كێكیان ئه‌و چاكسازییه ئابوورییه‌یه له ساڵی 2016 راگه‌یه‌نراوه كه نه‌خشه‌ڕێی ئابووری هه‌رێمی كوردستانه و له‌سه‌ر چوار ته‌وه‌ری سه‌ره‌كییه. یه‌كه‌م باڵانسی داهات و خه‌رجییه كه سه‌ركه‌وتنمان تێدا ده‌سته‌به‌ر كردووه، پێشتر كورتهێنانی بودجه ده‌گه‌یشته نزیكه‌ی حه‌وت تریلیۆن دینار، به‌ڵام له 2016دا كه‌ممان كرده‌وه بۆ نزیكه‌ی یه‌ك تریلیۆن و نیو.
دووه‌م كه‌رتی تایبه‌ته، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ ئابووری پێش بكه‌وێت، ده‌بێ كه‌رتی تایبه‌ت پێش بكه‌وێ. بۆ ئه‌وه‌ی ئابووری هه‌ر وڵاتێك به‌ره‌وپێش بڕوات، باشترین مه‌كینه كه‌رتی تایبه‌ته و له‌و رێفۆرمه‌دا ده‌بێ گرنگی به په‌ره‌پێدانی رۆڵی كه‌رتی تایبه‌ت بدرێ، ده‌بێت كۆمه‌ڵێك رێنوێنی و یاسا گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا بێت كه نه‌ك به‌ربه‌ست نه‌بن بۆ گه‌شه‌ی كه‌رتی تایبه‌ت، ته‌نانه‌ت هانده‌ری بن، بۆ نموونه یه‌كێك بیه‌وێت هۆتێلێك دروست بكات، ماوه‌یه‌كی زۆری ده‌وێ تا دایبمه‌زرێنێت، به‌ڵام ده‌بێ نه‌ك رۆتین كه‌م بكرێته‌وه، به‌ڵكو ده‌بێت هانده‌ری بین.
هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك خزمه‌تگوزاری هه‌یه كه حكوومه‌ت پێشكه‌شی ده‌كات، له كاتێكدا ئیشی حكوومه‌ت نییه و هه‌ق وایه لێی بستێنرێته‌وه و بدرێته كه‌رتی تایبه‌ت. وه‌ك خزمه‌تگوزاریی ئاو و رێگه‌وبان و كاره‌با. ته‌له‌فۆن كه دراوه‌ته كه‌رتی تایبه‌ت، سه‌ركه‌وتوو بووه و كه‌س كێشه‌ی ئه‌و خزمه‌تگوزارییه‌ی نییه، خزمه‌تگوزاریی 100 ساڵه‌ی كاره‌با كه هه‌موو كه‌س كێشه‌ی له‌گه‌ڵدا هه‌یه، هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه حكوومه‌ت پێشكه‌شی ده‌كات، خزمه‌تگوزاریی كاره‌با حكوومه‌ت لێی باش نییه و له زۆربه‌ی وڵاتان دراوه‌ته كه‌رتی تایبه‌ت. رێگه‌وبان كێشه‌یه، یه‌كێك بیه‌وێت بچێته سلێمانی هیچ گره‌نتییه‌كی سه‌لامه‌تی نییه، كه‌واته كۆمه‌ڵێك خزمه‌تگوزاری هه‌ن ده‌بێ بدرێن به كه‌رتی تایبه‌ت و خه‌رجییه‌كه‌ش ده‌كرێ هه‌ر له خه‌ڵك بستێنرێته‌وه، هاوكێشه‌یه‌ك هه‌یه هه‌ر خزمه‌تگوارییه‌ك پاره‌ت بۆ دا، ئه‌وا باشتر ده‌بێت و ئیشی حكوومه‌ت ده‌بێ زیاتر دابینكردنی ئاسایش و رێكخستنی ناوخۆ بێت.
سێیه‌م كێشه سیسته‌می بانكییه، به‌داخه‌وه ئه‌و سیسته‌مه له كوردستان پیشكه‌وتوو نییه و له عێراقیشدا پێشكه‌وتوو نییه، بۆ نموونه یه‌كێك له هۆكاره‌كانی كێشه‌ی ئابووری توركیا، سیسته‌مه بانكییه‌كه‌یه‌تی كه زۆر له هی ئێمه پێشكه‌وتووتره و ئه‌وان ده‌یه‌م ئابووری دنیان، كه‌چی كێشه‌یان هه‌یه. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه سیسته‌می بانكی زۆر ئه‌سته‌مه به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت نه‌بی، ئێمه هه‌موو پاره‌كانمان بخه‌ینه بازاڕ و له ژێر سه‌رینه‌كانمان ده‌ری بێنین، ئه‌وا ئابووری پێش ده‌كه‌وێت، خۆی ئه‌ركی بانك ئه‌مه‌یه و ئه‌گه‌ر پاره‌كان بخرێنه بانكه‌كان، كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌بن.
چواره‌م خاڵ دامه‌زراوه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ته، دامه‌زراوه‌ی ژووری بازرگانی و سه‌ندیكاكان هیچ خزمه‌تگوارییه‌كیان نییه و ته‌نیا پاره له ئه‌ندامه‌كانیان وه‌رده‌گرن، نه‌یانتوانیوه گوشار بخه‌نه سه‌ر حكوومه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌رتی تایبه‌ت پێش بخه‌ن.
پلانی رژد بۆ ئه‌وانه‌ی باست كرد چییه و تاكه‌ی ده‌بێت هه‌ر گله‌یی بكرێ؟
له نه‌خشه‌ڕێی وه‌زاره‌تی پلانداناندا هه‌یه و پلانه‌كه به روونی دیاری كراوه، كۆمه‌ڵێك دامه‌زراوه‌ی وه‌ك دارایی، ته‌ندروستی و په‌روه‌رده و دامه‌زراوه‌ی تر له‌مه به‌رپرسیارن. جگه‌له‌مه، سه‌قامگیریی سیاسی و چه‌ندان شتی تر پێوه‌ستن به پرسه‌كه‌وه، هه‌ندێك له‌و پلانانه جێبه‌جێ كراون، بۆ نموونه سیسته‌می بایۆمه‌تری توانیویه‌تی مووچه‌ی به ناهه‌قدراو كه‌م بكاته‌وه، له هه‌رێمی كوردستان ژماره‌یه‌كی زۆر فه‌رمانبه‌ر هه‌ن، به‌ڵام هه‌ندێك لایه‌ن موزایه‌ده‌ی سیاسیی پێوه ده‌كه‌ن و رێگرن له به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی ریفۆرم، خه‌ڵك گله‌یی ده‌كات و ده‌ڵێ پلان نییه، به‌ڵام راستییه‌كه‌ی كێشه‌ی پلانمان نییه، به‌ڵكو كێشه‌ی جێبه‌جێكردنی پلان هه‌یه كه جێبه‌جێ ناكرێت، وا ده‌زانن پلان نییه، به‌ربه‌ستی یاسایی، دارایی و شتی تر هه‌ن و گرنگترینیان به‌ربه‌ستی سیاسییه.
حكوومه‌ت دوای ته‌نگژه‌كان پلانی چاكسازیی هه‌بووه، رێژه‌یه‌كی جێبه‌جێ كردووه و ئه‌وانه‌ی تریش جێبه‌جێ ده‌كات، هیچ ئه‌لته‌رناتیڤێك جگه له چاكسازی نییه و ناخۆشییه‌كه بۆ ئێمه‌یه كه ورده ورده جێبه‌جێ ده‌بێت، كه چاكی نه‌كه‌ین رێی ترمان نییه، نه خه‌ڵك قبووڵی ده‌كات و نه خۆشمان قبووڵی ده‌كه‌ین.