سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕای ده‌گه‌یه‌نێ كه بۆ قۆناغى دواى ڕزگاركردنى مووسڵ، ڕێككه‌وتنێكى سیاسى له‌نێوان هه‌موو لایه‌نه عیراقییه‌كاندا پێویسته بكرێ، چونكه تا ئێسته نیازێكى ڕژدی و خوێندنه‌وه‌یه‌كى واقعیانه بۆ ئه‌م ڕاستییه به‌دى ناكرێت و جۆرێك له خۆدزینه‌وه و پشتگوێخستن هەیە.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەم لە شاری هەولێر، ڕێوڕەسمی دەستپێكردنی كۆنفرانسی لێبوردەیی و ژیان، هەڕەشەی تیرۆر و ئەزموونی پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو كە لەلایەن هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ڕۆشنبیری هەرێمی كوردستانەوە ڕێك خراوە. تێیدا كۆمه‌ڵی گوتار خوێندرانه‌وه و باسیان له مێژوو و ئه‌زموونی لێبورده‌یی له كوردستان كرا، پاشان نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، گوتارێكی خوێنده‌وه و چه‌ند ته‌وه‌رێكی باس كرد.
له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا كه قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و ژمارەیەك لە وەزیر و پەرلەمانتاری هەرێمی كوردستان و كونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی و مامۆستایانی زانكۆ و ئاینی به‌شدار بوو، نێچیرڤان بارزانی ڕای گه‌یاند كه له كوردستان لە كۆندا زێدى پێكه‌وه‌ژیانی نەتەوەیی و ئایین و ئاینزا و لێبورده‌یى بووە و سەرەڕای هه‌موو ئه‌و شه‌ڕ و ماڵوێرانى و داگیركاریانه‌ى به درێژاییى مێژوو به سه‌ر‌یدا سه‌پێنراون، ئه‌م خه‌سڵه‌ته جوانه‌ى خۆى له ده‌ست نه‌داوه و وه‌ك وڵاتى هه‌موو ئایین و نه‌ته‌وه‌كان ماوه‌ته‌وە و بۆته یه‌كێك له بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانى كه‌لتوورى له كوردستان و نموونه‌یه‌كى كه‌موێنه له جیهاندا.
سەبارەت بە كاریگەرییە ئەرێنییەكانی پێكەوەژیانی ئاینی و نەتەوەیی، سەرۆك وەزیران جەختی لەوە كردەوە كە ئەم كولتوورە بووه‌تە هۆكارێك کۆمەڵگەی کوردستان لە ڕووی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییه‌وه ببێتە خاوەن خێزانێکی ناوازە و جوان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و وای کردووە هەموو نەتەوە و ئاینە جیاوازەکان، کوردستان بە ماڵی خۆیان بزانن و هەر ئەمەش هۆكار بووە ئەوانەی لە شوێنەکانی دیکە عیراقه بەهۆی جیاوازیی ئایینی یان نەتەوەیییه‌وه، تووشی شاڵاوی ڕاگوێزان و توندوتیژی بوونەتەوە، ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن و لەسەر ئاستی جیهانیش بۆتە جێگای باس و سەرنجڕاکێشانی جیهان و ڕەنگدانەوەی لە زۆرێك له ناوه‌نده‌كانى میدیا و سه‌نته‌ره‌كانى لێكۆڵینه‌وه، هەروەك پشتگیرى و به‌رگریكردن و پاراستنى كوردستانیش له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانان و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه، بۆ ئەم كه‌لتووره گەڕاندەوە.
ئاشكراشی كرد كە توندوتیژى، فراونبوونى بیرى ته‌سك و تاریكى تیرۆر، توندڕه‌وى، تاوانه تیرۆرستییه‌كان و ئه‌و جینۆسایده‌ى به‌سه‌ر پێكهاته ئاینیى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا هاتووه، به‌تایبه‌تیش ئەو تاوانانەی بەرامبەر ئێزدى و مه‌سیحییەكان ئەنجام دران، كاریگه‌ریگەری نەرێنی له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌زموونه كردووه و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى جددییان له كه‌لتوورى پێكه‌وژیان له هه‌رێمى كوردستان كردووه، بۆیه دووپاتی كردەوە كە دەبێ ئەو برایەتییەی لەنێوان نەتەوە و ئاینەکانی کوردستاندا هەیە، پتەوتر بکرێت و له بوارەكانی سیاسى، كارگێڕى، په‌روه‌رده‌یى و كۆمه‌ڵایه‌تیدا، كارێكى هه‌مه‌لایه‌نه‌ى زۆر جددى بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى بڕوا و متمانه بگه‌ڕێته‌وه نێو پێكهاته‌كانى کوردستان و هه‌موو پێكهاته‌كان، كوردستان به لانه و ماڵ و زێدى خۆیان بزانن كە ڕەنجی تێكۆشان و ماندووبوونی هەموو پێکهاتەکانی پێوە دیارە.
سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جەختی لەوەش كردەوە كە دەبێت حكوومه‌ت و خه‌ڵك و ته‌واوى پێكهاته‌كانى كۆمه‌ڵگا كارێكى وا بكه‌ن پەیامێکى ڕوون و ئاشكرا بده‌نه ئه‌وانه‌ى لەژێر ناوی ئاین، یان نەتەوەی سەردەست، دەیانەوێت ئەزموونی هەرێمی کوردستان بشێوێنن كه هه‌رێمى كوردستان و پێكهاته‌كانى، ڕێگه ناده‌ن ئه‌و كولتووره‌ى بشێوێت و كۆتایى به ئه‌زموونى هه‌زاران ساڵه‌ى پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یى بێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته و بۆ قۆناغى دواى ڕزگاركردنى مووسڵ، ڕێككه‌وتنێكى سیاسى له‌نێوان هه‌موو لایه‌نه عیراقییه‌كاندا، به حكوومه‌ت و لایه‌نه سیاسى و ئایینییه‌كانه‌وه، بە پێویست زانی. ڕاشی گەیاند كە تا ئێسته نیازێكى جددى و خوێندنه‌وه‌یه‌كى واقعیانه بۆ ئه‌م ڕاستییه به‌دى ناكرێت و جۆرێك له خۆدزینه‌وه و پشتگوێخستن هەیە، هەروەها دووپاتی كردەوە گه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌كان خەمخۆر نەبن، كه‌س ناتوانێت پێشبینیى دۆخێكى سه‌قامگیر و ئاینده‌یه‌كى ئارام بۆ ناوچەكه بكات.
سەبارەت بە بنبڕ‌كردنى تیرۆریش، ئاماژەی بەوە دا كە هه‌ر له سه‌ره‌تاوه گومانى تیادا نه‌بوو داعش وه‌ك هێزێكى سه‌ربازى و ده‌سه‌ڵاتێك كه بتوانێت جوگرافیایه‌ك بخاته ژێر ڕكێفى خۆیه‌وه و ئه‌وه‌ى ناوى ناوه ده‌وڵه‌تى ئیسلامى له‌سه‌ر دروست بكات، له خه‌ونێكى به‌تاڵ زیاتر نەبوو و هه‌رچه‌ند درێژه بكێشێت ئەوان هێز و ده‌سه‌ڵاتێك نین بۆ مانه‌وه، چونكە ئەوان ڕێك پێچه‌وانه‌ى ژیان و مانه‌وەن، بۆیه له‌ناوبردن و نه‌مانیان، ته‌نیا مه‌سه‌له‌ى كاته. تیشكی خستە سەر ئەوەش كە داعش تەنیا به چه‌ك و بارووت له‌ناو ناچێت، بەڵكو بیر و هزرى ڕه‌ش و تاریكى داعش و داعشییه‌كانه، كه زۆر له تاوان و كرده‌وه قێزه‌ونه‌كانى مه‌ترسیدارتره چونكە لە داهاتوودا به ناوێكى دیكە و به‌رگێكى دیكه ده‌رده‌كه‌ون و بە پێویستی زانی هه‌رێمى كوردستان، عیراق، ناوچه‌كه‌ش به‌گشتى به هاوكارى و پشتگیریى جیهانى ئازاد هه‌ڵمه‌تێكى جددى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌و بیره مه‌ترسیداره ده‌ست پێبكه‌ن.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی هزر و بیری توندڕەو و داعشییەكانیش دووپاتی كردەوە كە دواى دابینكردنى دۆخێكى سیاسیى له‌بار، به‌ر له هه‌مووان مامۆستایان و پیاوانى ئاینى هه‌موو ئایین و ئاینزاكان یه‌كه‌م به‌رپرسیارییان ده‌كه‌وێته سەر شان كه به‌رده‌وام هۆشیارى بڵاو بكه‌نه‌وه و ڕێگه نه‌ده‌ن ئایین له په‌یوه‌ندیى نێوان مرۆڤ و خواى گه‌وره‌وه، بكرێته ئامێرێك بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ى خه‌ڵك و بیروباوه‌ڕ و پێكهاته‌كانى دیكه. هەر لەم بارەیەوە كاریگەریی ده‌زگا و دامه‌زراوه په‌روه‌رده‌ییه‌كان، ڕۆشنبیران، دامه‌زراوه هزرى و كولتوورییه‌كان و میدیای دووپات كردەوە.
هیواشی خواست یادی له‌دایكبوونى پێغه‌مبه‌رى ئیسلام حه‌زره‌تى موحه‌ممه‌د درووى خواى لێبێت و له 12 ڕۆژى داهاتووشدا یادى له‌دایكبوونى حه‌زره‌تى عیساى مه‌سیح سڵاوى خواى لێبێت و هه‌موو بۆنه و جه‌ژنه ئایینییه‌كان ببنه هه‌وێنى پته‌وكردن و قووڵكردنه‌وه‌ى زیاترى ته‌بایى و پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یى.
له كۆتایی وتارەكەیدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دووبارە هیواى سه‌ركه‌وتنی بۆ كۆنفرانسه‌كه خواست، ئومێدەوار بوو ئه‌نجامى ئه‌و باس و لێكۆڵێنه‌وانه‌ى تیایدا پێشكه‌ش ده‌كرێن، ڕاسپارده و پێشنیار و بیرۆكه‌ى باشی بۆ چۆنیه‌تیى پاراستن و په‌ره‌پێدانى كه‌لتوورى پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یى له كوردستان و عیراق و چۆنیه‌تیى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى بیرى توندڕه‌وى و تیرۆر و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆخى دواى ڕزگاركردنى مووسڵ له‌ڕووى سیاسى و كارگێڕى و ڕێكخستنییه‌وه، بێنه ئاراوه و حكوومه‌ت و لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كان و خه‌ڵكیش، بۆ سه‌رخستنى پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه و بنبڕ‌كردنى توندڕه‌وى و تیرۆر، سوودى لێ وه‌ر‌گرن.
هەروەها بەخێرهاتنێكی تایبەتی نووسەر و بیرمەندی ناوداری توركیا بەڕێز ئیسماعیل بەشیكچی كرد كە لە ڕێوڕەسمەكەدا بەشدار بوو و ئاماژەی بە خەبات و تێكۆشان و ماندووبوونی ئەو نووسەرە گەورەیە كرد بۆ بەرگریكردن لە بەهاكانی مافی مرۆڤ و مافەكانی كورد لە باكووری كوردستان كە تا ئێستاش لە خەبات و تێكۆشانەكانی بەردەوامە و هیوای سەركەوتن و تەمەندرێژی بۆ خواست.