بێڵ بۆچوونێكی تری هەیە.. رۆیشتنی رۆناڵدۆ ئاستی ریالی بەرز كردۆتەوە

:: PM:01:31:17/09/2018 ‌

گاریس بێڵی ئەستێرەی ویڵزی ئاشكرای كرد كە یانەی ریال مەدرید دوای رۆیشتنی كریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی بۆ یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی، سوودێكی زۆری پێگەیشتووە و ئاستی یاریكردنیان بەرز بۆتەوە.

بێڵ بە رۆژنامەی (دەیلی مەیل)ی ئینگلیزی راگەیاند: بەدڵنیاییەوە رۆیشتنی هەر یاریزانێكی گەورە لە یانەیەكدا كاریگەری دەبێت، بەڵام كاریگەرییەكە ئەوەندە گەورە نابێت و هەندێ گۆڕانكاری بچووك روو دەدات.

زیاتر گوتی: ئێمە سەرجەم یاریزانانی یانەی ریال مەدرید دوای رۆیشتنی رۆناڵدۆ هەستمان بە ئارامی زیاتر كردووە و ئێستاش وەك كۆمەڵەیەك یاری دەكەین، بە پێچەوانەی ساڵانی رابردوو كە پشتمان بە یەك یاریزان دەبەست.

بێڵ ئاشكراشی كرد كە لە یاریی كۆتایی وەرزی رابردووی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بەرامبەر یانەی لێڤەرپوول لە زێنەدین زێدانی راهێنەری یانەی ریال مەدرید تووڕە ببوو، چونكە پێیوابوو شایستەی ئەوە بوو لە پێكهاتەی سەرەكی یارییەكەدا بەشداری بكات.

لەمبارەیەوە گوتی: لە یارییەكانی خولی ئیسپانیا پێش یاریی كۆتای خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بەشێوەیەكی باش بەشداریم دەكرد و گۆڵیشم تۆمار دەكرد، بۆیە شایستەی ئەوەبووم لە پێكهاتەی سەرەكی یارییەكەدا بەشداربم، بۆیە ئەو كات لە زێدان تووڕە ببووم.

جێی باسە بێڵ لە گێمی دووەمی یاریی كۆتایی وەرزی رابردووی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەگەڵ هاتنە نێو یاریگە توانیبووی 2 گۆڵ بەرامبەر یانەی لێڤەرپوول تۆمار بكات و بەهۆیەوە سەركەوتنی بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ پێشكەش بە یانەكەی كردبوو.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م