ڕووسیا و توركیا لەبارەی ئیدلب ڕێككەوتن

:: PM:08:49:17/09/2018 ‌
رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا و ڤلادمیر پووتن سەرۆكی رووسیا، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان لەبارەی ڕێككەوتنیان لەسەر ئیدلب ئەنجامدا و ڕایان گەیاند، بڕیاریانداوە ناوچەی ئارام پێك بهێنن.

لە كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیەكەدا كە سوچی لە رووسیا ئەمڕۆ دووشەم 17ی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، بەرێوەچوو ئەردۆغان ڕای گەیاند، بڕیارماندا لە نێوان ئەو ناوچانەی كە لە ژێر كۆنترۆڵی حكوومەتی سووریا و ئۆپۆزسیۆن دان، ناوچەیەكی داماڵراو لە چەك پێكبهێنرێت.

زیاتر گوتی، تا ئێستە چاوەڕوانین بۆ ئەوەی هەرچی زووە جارێكی تر گەشتكردن لە نێوان رووسیا و توركیا بەبێ ڤیزە دەست پێ بكاتەوە و سەبارەت بەم بابەتەیش وەزارەتە پێوەندیدارەكان كاری لەسەر دەكەن. 

ئەردۆغان باسی لە پرسی ئیدلب كرد و ڕای گەیاند، لە كۆبوونەوەكان لەبەرچاوگرتنی نیگەرانییەكانی هەردوولا لەسەر پرسی ئیدلب هەنگاوی باش نراوە لەسەر دۆزینەوەی رێگە چارەیەك و هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن لە شوێنی خۆیان دەمێنەوە و " دەكەین كە گرووپە توندڕەوەكان لە ناوچەكەدا چالاكی ئەنجام نەدەن".

دووپاتی لەوە كردەوە كە بەو ڕێككەوتنەی نێوان توركیا و ڕووسیا ئیدلب لە تەنگژەیەكی مرۆیی گەورە رزگاری دەبێت.

هاوكات پووتن لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا ئاشكرایكرد كە لەگەڵ توركیا ڕێككەوتوون لە سەر دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام بە قوڵایی 15 بۆ 20 كلیۆمەتر لە نێوان ھێزەكانی حكوومەتی سووریا و ھێزەكانی ئۆپۆزسیۆن و سوپای رووسیا و توركیا چاودێریی ئەو ناوچەیە دەكەن كە بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی داھاتوودا دەست بە دروستكردنی بكرێت.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم