پاكستان بڕیاری دا رەگەزنامە بە ئەفغانەكانی نیشتەجێی وڵاتەكەی بدات

:: AM:10:58:18/09/2018 ‌

عومران خان سەرۆك وەزیرانی پاكستان دەڵێت، ملیۆنێك و 500 هەزار پەناخوازی ئەفغانستان كە لە پاكستان لە دایك بوون و مافی وەرگرتنی رەگەزنامە و پاسپۆرتیان پێ دەدرێت.

بەگوێرەی ئامارەكانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، دوو ملیۆن و 700 هەزار پەناخواز لە پاكستاندا هەن كە زۆرینەیان ئەفغانین. بەشێك لەو پەناخوازانە لە سەردەمی جەنگی یەكێتی سۆڤیەت و ئەفغانستانەوە ئاوارەی پاكستان بوون و بەشێكی تریش بە هۆی كێشەی ئابووری و سیاسی روویان لە پاكستان كردووە.

بەگوێرەی "یۆرۆنیوز" سەرۆك وەزیرانی پاكستان لە رێوڕەسمێكدا كە لە كەراچی بەڕێوە چوو، گوتی "ئەو ئەفغانییانەی كە منداڵەكانیان لە پاكستان لە دایك بووە، رەگەزنامە و پاسپۆرتیان پێ دەدرێ".

ئەو گوتی ئەوانەی پەنایان بۆ پاكستان هێناوە مرۆڤن و چۆن دەكرێ كەسێك 30 ساڵ لە وڵاتێكی تر بژی، بەڵام لە مافی هاووڵاتی بێبەش بێت و رەگەزنامە و پاسپۆرتی نەبێت.

بە پێی ئاماری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، 60%ی پەناخوازانی پاكستان  هەر لە پاكستان لە دایك بوون كە دەكاتە ملیۆنێك و 500 هەزار كەس.

سەرۆك وەزیرانی پاكستان روونی كردەوە، یەكێك لەو هۆكارانەی وای كردووە پەناخوازان روو لە كاری رەش بكەن، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە مافی هاووڵاتیبوونیان نییە.

ئەو گوتی جگە لە خەڵكی ئەفغانستان، پەناخوازانی بەنگلادش و رۆهینگاش مافی هاووڵاتیبوونیان پێ دەدرێ.



وشە - سلێمان تاشان