هاوپەیمانی لەسەر ڕۆیشتنی بەرهەم ساڵح هەڵوێستی ئاشكرا دەكات

:: PM:01:34:18/09/2018 ‌
تا ئێستە چارەنووسی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری وەك حزبێكی سیاسی دیار نییە، ئەوەیش دوابەدوای ئەوەی كە بەرهەم ساڵح دامەزرێنەری هاوپەیمانی  دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بەرانبەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" ئەمڕۆ سێشەم 18ی ئەیلوول/ سێپتیمبەر، سەركردایەتی یەكێتی لە بارەی پرسی دیاریكردنی كاندیدێك بۆ سەرۆكایەتی كۆمار كۆ دەبێتەوە و بەرهەم ساڵح كە سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریە بەشدارە كۆبوونەوەكە دەكات.

محەمەد ڕەئوف ئەندامی دامەزرێنەری هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بە "وشە"ی ڕاگەیاند، وەك هاوپەیمانی هیچ قسەیەكیان نییە و چاوەڕێ دەكەن بۆ ئەوەی بزانن دوایین بڕیاری بەرهەم ساڵح چی دەبێت.

زیاتر گوتی، لە ماوەی 48 سەعاتی داهاتوو قسە و هەڵوێستی كۆتایی خۆمان لەسەر ئەو دۆخەی هاوپەیمانی ڕادەگەیەنین.

پرسی گەڕانەوە بەرهەم ساڵح بۆ ئەو حزبەی كە لێی جیابووەوە كێشەی بۆ ئەو ئیسلامییانەی ناو هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری دروستكردووە كە بەشێكیان ئەندامی دامەزرێنەری هاوپەیمانین، بۆیە پێدەچێت لە داهاتوودا چارەنووسی خۆیان یەكلابكەنەوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی




وشە - سه‌رخێڵ هاشم