ئەمڕۆ سێشەم 18ی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە برادلی سۆدن باڵوێزی نیوزلاند لە عێراق كرد.
لە دیدارێكدا پەرەسەندنە سیاسی و سەربازییەكانی ناوچەكە بەگشتی و هەڕەشەی تیرۆریستان و بەڕێوەچوونی هەڵمەتی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا و مەسروور بارزانی ئاماژەی بەوە دا، كە هێشتا تیرۆیستانی داعش هەڕەشەی سەرەكی و مەترسیدارن بۆ ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە، بەتایبەتی لە ناوچەكانی مووسڵ و ئەنبار و دەوروبەری كەركووك.
لە بەشێكی تری دیدارەكەدا باس لە هەوڵ و هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەت لە بەغدا كرا و هەردوولا هاوڕابوون، كە پێویستە حكوومەتێك بێت رەنگدانەوەی پێكهاتەی عێراق بێت و هەوڵی خۆی بۆ ئاشتبوونەوەی نیشتمانی و دابینكردنی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان و چارەسەركردنی كێشەكان بخاتەگەڕ، لەوبارەوە باڵوێزی نیوزلاند پشتیووانی حكوومەتی وڵاتەكەی بۆ پێكهێنانی حكوومەتێك راگەیاند كە نوێنەرایەتی گشت پێكهاتەكان و ویست و داخوازی هاووڵاتییان بكات.
پێوەست بە هەوڵەكانی پێكهێنانی حكوومەت، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دووپاتی لەوەكردەوە، هەرێمی كوردستان هەوڵی پێكهێنانی هاوپەیمانیەتییەك دەدات كە داخوازییەكانی كوردستان و مادە و بڕگەكانی دەستوور جێبەجێ دەكات. هەروەها ئاماژەی بە چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ دامەزراندنی ئەنجوومەنی باڵای سیاسەتی ستراتیژی لە عێراق دا، وەك هەوڵێكی گرینگ بۆ رێگەگرتن لە تاكڕەوی لە بەڕێوەبردن و دەركردنی بڕیارە چارەنووسسازەكاندا.
باسكردن لە پێوەندییە دووقۆڵیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و نیوزلاند و پەرەپێدانیان لە گشت بوارەكاندا تەوەرێكی تری دیدارەكە بوو.