گوتەبێژی ئیدارەی ڕاپەڕین ڕای دەگەیەنێت كە ڕێكخراوی (UNDP) بە نیازە سێ پڕۆژە لە بواری ئاو و ئاوەڕۆ لەسەر بودجە و ئەركی خۆی لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین جێبەجێ بكات.
عومەر حاجی گوتەبێژی ئیدارەی ڕاپەڕین بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو پڕۆژانە بریتین لە پڕۆژەی لێدانی بیری قووڵ لە گەڕەكی شارەوانی ڕانییە و دروستكردنی ئاوەڕۆی لوولەیی و مەنهۆڵ لە شارۆكەی پشدەر، هەروەها دروستكردنی ئاوەڕۆی لوولەیی و مەنهۆڵ لە شارەدێی حاجیاوا.
زیاتر گوتی، بودجەی پڕۆژەكە لەلایەن ڕێكخراوەكە دابین كراوە و لەلایەن ئیدارەی ڕاپەڕینەوە سەرپەرشتی دەكرێت، بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو پڕۆژەكان بخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە كە بەدەر لە گرنگی پڕۆژەكان بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆر هەلی كاریش بۆ هاووڵاتییانی سنوورەكە دەڕەخسێت.
گوتەبێژی ئیدارەی ڕاپەڕین ئاماژەی بەوەكرد كە بەهۆی ئەوەی تا ئێستە خەمڵاندن بۆ بڕی پارەكە نەكراوە و بەشێوەیەكی مەیدانی سەردانی پرۆژەكان نەكراوە، نازانرێت بڕی تێچوونی پرۆژەكان چەند دەبێت تا كاتی دەسبەكاربوونی پرۆژەكان.
وەك بەرپرسەكەی ئیدارەی ڕاپەرین گوتی، جگە لە جێبەجێكردنی ئەو سێ پڕۆژەیە لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین رێكخراوی (Reach) لەژێر پرۆژەی (QUDRA _ HIA)) بە پێی چەند مەرج و ڕێنوێنییەك، هاوكاری خەڵكانی كەمدەرامەت دەكات بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی بچووك، بۆیە ئەوانەی ئارەزوومەندن لەو بوارە دەتوانن لە سەنتەری چالاكی گەنجانی رانییە فۆرم وەربگرن.
ئیدارەی ڕاپەڕین سەر بە پارێزگای سلێمانییە و لەماوەی ڕابردوودا خەڵكی سنوورەكە نیگەرانی خۆیان راگەیاندبوو لەبەرانبەر نەبوونی خزمەتگوەزاری.
ڕاپەڕین/ شادان بەكر