مەلا بەختیار: ئەگەر هاوپەیمانی بگەڕێنەوە ناو یەكێتی بەرهەم ساڵح دەبێتە یەكێك لە كاندیدەكانمان

:: PM:03:31:18/09/2018 ‌
برێت مەكگۆڕك نێردەی تایبەت سەرۆكی ئەمەریكا بۆ شەڕی دژ بە داعش لە عێراق و سووریا لەگەڵ شاندێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبووەوە و ڕای گەیاند، لەچەند ڕۆژی داهاتوو هاوڕێ‌ عێراقییەكانمان بڕیاری گرنگ و یەكلا كەرەوە دەدەن.

ئەمڕۆ سێشەم 18ی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، مەكگۆڕك لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی لە سلێمانی گوتی، متمانەمان هەیە كە هاوڕێ‌ عێراقییەكانمان لە چەند ڕۆژی داهاتوو چەندان بڕیاری گرنگ دەدەن و پابەندن بەو ماوەی كە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی عێراق دیاری كراوە.

ڕوونیشی كردەوە كە لەگەڵ حزبەكان گفتوگۆمان كردووە بۆ ئەوەی گرنگی بە پرسی پێكهێنانی حكوومەت بدرێت و حكوومەتێكی تۆكمەی نیشتمانی پێك بهێنرێت. 

هاوكات مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕای گەیاند، یەكێتی هەمیشە بەشێك دەبێ لە چارەسەر و ئێستە بۆ چارەسەری كێشەكان لە عێراق بەرچاو ڕوونیمان هەیە و گفتوگۆكان لەنێوان پارتی و یەكێتی بەرپرسانەیە.

زیاتر گوتی، لەگەڵ پارتی ئامانجانە یەكڕیزی بپارێزین و كاندیدێكی كورد ببەین بۆ بەغدا بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هاوكات ئەمڕۆ یان سبەی سەركردایەتی یەكێتی كاندیدێك لەناو یەكێتی یەكلا دەكاتەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە هیچ بڕیارێك نییە كە بەرهەم ساڵح بێتەوە ناو یەكێتی و ئەگەر هاوپەیمانی بڕیار بدەن بێنەوە ناو یەكێتی بەرهەم ساڵح دەتوانێت یەكێك بێت لە كاندیدەكانی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق.

ئەوە لەكاتێكدایە كە بڕیارە سێشەمی داهاتوو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆببێتەوە و كەسێك وەك سەرۆكی كۆماری عێراق هەڵبژێرێت، بەڵام هێشە ئەو پرسە لەناو پارتی و یەكێتی یەكلا نەكراوەتەوە و پارتی سوورە لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگری بەپێی ئەوەی زۆرینەی دەنگەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی بەدەست هێناوە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم