مەترسییەكی تر لە سلێمانی سەری هەڵدا.. گرووپێك كڕین و فرۆشتن بە زەوی خەڵكەوە دەكەن

:: PM:04:36:18/09/2018 ‌
گرووپێك لە سلێمانی پەیدابوون كە ئێستە خەریكی كڕین و فرۆشتنی زەوی هاووڵاتیانن بەتایبەت ئەو زەویانەی تاپۆ نین و لەلایەن شارەوانییەوە تۆمار نەكراون، بەرپرسانی لایەنە پێوەندیدارەكانی سلێمانیش دەڵێن، هیچ پێوەندییەكیان بەو كێشەوە نییە و ئەو زەویانەی ئەو كارەیان لەسەر دەكرێ‌ لەسنووری شارەوانی نین.

لە ناوچەی "تووەسپی" كە چەند كیلۆمەترێك لە ناوەڕاستی شاری سلێمانییەوە دوورە گرووپێك شەوانە ژمارە تەلەفۆن و تابلۆی فرۆشتن لەسەر زەوییەكان هەڵدەواسن لە كاتێكدا ئەو زەویانە خاوەنی خۆیان هەیە و پێشتر لەنێوان هاووڵاتییاندا كڕین و فرۆشتنی بەپێی گرێبەستی نووسینگەكان پێ‌ كراوە، بەڵام هیچ تۆمار و تاپۆیەكیان نییە. تا ئێستەیش چەندان كێشەی لەنێوان ئەندامانی ئەو گرووپە و خاوەنی زەوییەكان دروست بووە.

سەردەشت ڕەفیق بەرێوەبەری ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هەموو ئەو شوێنانەی كە نەخشەی پەسەندی هەبێت و لە سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی تۆمار كرابێت یان فۆڕمی هەبێت كاری یاسایی بۆ كراوە، بەدەر لەوانە شارەوانی سلێمانی مامەڵە لەگەڵ هیچ شوێن و ناوچەیەكی تر ناكات كە تۆمار نەكراون.

روونیشی كردەوە، ناوچەی تووەسپی بەهۆی ئەوەی تۆمار نەكراوە هیچ پێوەندییەكی بە سەرۆكایەتی شارەوانییەوەنییە و ئەوە حاڵەتە پێوەندی بەو كەسانەوە هەیە كە گرێبەستی ناوخۆیان هەیە، چونكە شارەوانی تەنیا مامەڵە لەگەڵ زەویی تاپۆ  و یاسایی دەكات.

بەرپرسەكەی شارەوانی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، هەر كەسێك سكاڵا تۆمار بكات ناتوانین هیچ كارێكی بۆ بكەین، چونكە ئەو كێشەی لەو سنوورە هەیە پێوەندی بە دامەزراوە مەدەنییەكانەوە نییە.

لای خۆیەوە محەمەد رەسووڵ سەرۆكی لیژنەی شارەوانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پێویستە لە ڕێی شارەوانییەوە كار بۆ ئەو بابەتە بكرێت و  هاووڵاتییان ئاگادار بكرێنەوە كە كڕین و فرۆشتن بەو زەویانە نەكەن.

ئەندامەكەی ئەنجوومەن گوتی، كەسانێك كە خەریكی فرۆشتنی زەوی هاووڵاتییانن لەو ناوچەیە، شارەوانیی توانای ڕاگرتنی ئەو كارەی نییە، پێویستە پارێزگار ئاگادار بكرێتەوە.
 
هاوكات "وشە" چەندان جار پێوەندی بە نەقیب سەركەوت ئەحمەد بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پێوەندییەكانی پۆلیسی سلێمانی كرد، بەڵام وەڵامی پێوەندییەكانی نەدایەوە.

ناوچەی "تووەسپی" لە ماستەرپلان و نەخشەی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی نییە و هاووڵاتییان چەند ساڵێك پێش ئێستە لەوێ دەستیان بە كڕین و فرۆشتنی زەوی كردووە لە نێوان خۆیان و ئێستە تووشی ئەو كێشەیە هاتوون.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم