ستافی كەناڵی خەندان و كاندیدێكی هاوپەیمانی داوای پارەكانیان دەكەنەوە

:: PM:07:47:18/09/2018 ‌
كاندیدێكی هاوپەیمانی بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكات و دەستی بە بانگەشە كردووە، بەڵام بەهۆی ئەوە كەناڵەكەی بەرهەم ساڵح پارەی ئەوی نەداوە ناتوانێت پوستەر و وێنەی خۆی چاپ بكات و هەڵیواسێت. كاندیدەكە دووپات دەكاتەوە ئەگەر تا هەفتەی داهاتوو پارەكەی نەدەنەوە سكاڵا لەسەر كەناڵی خەندان تومار دەكات.

خەبات عومەر كاندیدی لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بۆ پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، دوای ئەوەی كە لیستی هاوپەیمانی بەبێ راوێژ و رەزامەندی ئەوان بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان كردووە ئەو پابەندی بریاری هاوپەیمانی نابێت و بەشداری لە هەڵبژاردنەكان دەكات.

ڕوونیشی كردەوە كە بڕیاری بایكۆت بڕیاری بەرهەم ساڵح بەتەنیا بووە نەك هاوپەیمانی و هیچ پرس و راوێژێك بە كاندید و كەسانی تری ناو هاوپەیمانی نەكراوە و بریارێكی تاكەكەسی بووە.

" تا ئێستە هاوپەیمانی نەبووەتە حزب و لە چوارچێوەی قەوارەیەكی سیاسی كاردەكات" ئەو كاندیدەی هاوپەیمانی وای گوت. خەتاب داوایشی كرد كە بە زووترین كات قەرزەكانی بدەنەوە لەلایەن هاوپەیمانییەوە كە بڕەكەی زیاتر لە 10 ملیۆن دینارە و دەیەوێ لە بانگەشەدا بەكاری بێنێت، بە پێچەوانەوە سكاڵا تۆمار دەكات.

بەگوێرەی لێدوانی ئەو كاندیدەی هاوپەیمانی سەرجەم پەیامنێر و رۆژنامەنووسانی كەناڵی خەندان كێشەی وەرنەگرتنی پارەیان لەگەڵ كەناڵی خەندان هەیە و داوای وەرگرتنەوەی مووچەكانیان دەكەن.

لەلایەكی ترەوە عەلی بەندی بەرێوەبەری ئوفیسی دهۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی  كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، هەموو كاندیدانی لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری مافی بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان هەیە.

زیاتر گوتی، لیستی هاوپەیمانی تۆمار كراوە و ئەگەر كۆمسیۆن هیچ بڕیارێكی تر نەدات ئەوا بە پێی یاسا كاندیدانی ئەو لیستە دەتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنەكان بكەن.

هاوكات هێرش گوهەرزی پەیامنێری كەناڵی خەندان لە شارۆكەی ئامێدی بە "وشە"ی  راگەیاند، ماوەیەكی زۆرە ئەوان لە سنووری شارۆكەی ئامێدی لەگەڵ كەناڵی خەندانی سەر بە بەرهەم ساڵح وەكو ستاف كار دەكەن، بەڵام تا ئێستە تەنیا یەكجار مووچەیان وەرگرتووە.

هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ڕابردوو لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە دروست كرا، ئێستە دەنگۆی ئەوە هەیە بەرهەم ساڵح بچێتەوە ناو یەكێتی و تا ئێستەیش چارەنووسی هاوپەیمانی دیار نییە.

دهۆك/ نەوزاد هلۆری



وشە - سه‌رخێڵ هاشم