لەسەر كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح و مەلا بەختیار بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار یەكێتی كۆ دەبێتەوە

:: PM:08:30:18/09/2018 ‌
سبەی چوارشەم 19ی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ دیاریكردنی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كۆ دەبێتەوە و ئەندامێكی سەركردایەتی ئەو حزبەیش دەڵێت، تا ئێستە مەلا بەختیار بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار خۆی كاندید نەكردووە.
 
مستەفا چاوڕەش ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كۆبوونەوەكەی سبەی یەكێتی بۆ دیاریكردن و پاڵپشتی كردنی كەسێكە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق و یەكلاكردنەوە ئەو پرسە.

دووپاتیشی لەوە كردووە كە یەكێتی لە كۆبوونەوەی سبەی بە فەرمی كەسێك بۆ ئەو پۆستە دیاری دەكات و بڕیاری كۆتای لەسەر دەدرێ‌. هەروەك باسی لەوە كرد، مەلا بەختیار تا ئێستە بە فەرمی خۆی كاندید نەكردووە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار و سبەی قسە لەسەر كاندیدكردنی دەكرێ‌.

بەرپرسەكەی یەكێتی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە لە كۆبوونەوەی سبەی بەرهەم ساڵح سەرۆك هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بەشداری كۆبوونەوەكە دەكات و سەركردایەتی بڕیار لەسەر كاندیدكردنی دەدات.

هاوكات ئەمڕۆ مەلا بەختیار لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ڕای گەیاند، كشانەوەی لە كاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق پێوەندی بە خۆیەوە هەیە و هەركاتێكیش بەرهەم ساڵح و هاوپەیمانی گەڕانەوە ناو یەكێتی دەبێتە یەكێك لە كاندیدەكانی یەكێتی. هەر لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ ڕای گەیاند، كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دەبێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم