ئێوارەی ئەمڕۆ 18ی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەگەڵ برێت مەكگۆرك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش و شاندی یاوەری كۆبۆوە.
لەم كۆبوونەوەیەدا، كە دۆگلاس سیلیمان باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق و ستیڤن فاگن كونسوڵی گشتی ئەمەریكا لە هەولێر ئامادەبوون، گفتوگۆ بەردەوامەكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی نیشتمانی و بنكە فرەوانی عێراقی فیدراڵ و رۆڵی هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا.
لە كۆبوونەوەكەدا مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان جارێكی تر دووپاتی لە هاوبەشی تۆكمە و بەهێزی نێوان هەرێمی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و بایەخ و گرینگی هاوكاری سەربازی و تەناهیی درێژخایەن كردەوە.