كاندیدێكی پارتی بۆ قوباد تاڵەبانی: دەست بەكڵاوی خۆت بگرە با با نەیبات

:: AM:09:38:19/09/2018 ‌
كاندیدێكی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمان وەڵامی قوباد تاڵەبانی دەداتەوە و ئاشكرای دەكات، هەموومان دەزانین كێشەی ئاو هەیە لە هەولێر، بەڵام لە هەولێر كێشەی فرەكێخوایی و بێساحێبی و مافیا و جوێن و فرتوفێڵ و قۆڵبڕین نییە.

ئەمڕۆ چوارشەم 19ـی ئەیلوول، لە وەڵامێكی ئومێد خۆشناو كاندیدی لیستی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ قوباد تاڵەبانی هاتووە، لە تازەترین داهێنان، ئەو جێگر سەرۆك حكوومەتەی بە پشكە بنەماڵەیی وەریگرتووە، من دەزانم لە هەولێر كێشەی ئاو هەیە و كێشەی كارەبا هەیە، بەڵام لە هەولێر كێشەی فرەكێخوایی و بێساحێبی و مافیا و جوێن و فرتوفێڵ و قۆڵبڕین نییە و نابێ، چونكە هەولێر خودانی هەیە خودان.

لە بەشێكی وەڵامەكە ئاماژەی داوە، قوباد دەزانم ئەوكاتەی تۆ لە كەیف و سەفای وڵاتان بووی و لەناز و نیعمەتی خۆشییەكانی ئەوروپا و ئەمەریكا بووی، ساڵ ساڵانی نەوەتەكان بوو، حزبەكەی تۆ هەولێری داگیر كردبوو، چەقۆوەشێنەكانی حزبەكەت لە هەولێر كلیان لە چاوان دەدزی كل.

ئاشكرای كردووە، ئەگەر تۆش زانیاریت نییە، فەرموو بڕۆ لە هەر شەقام و كۆڵانێكی هەولێر پرسیار بكە، ئەوسا كە وەڵامەكەت وەرگرت، تێدەگەی لە هەولێر چی گوزەراوە و پاش ئازادكردنی هەولێریش، هەولێر بەكوێ گەیشت.

لە كۆتایی وەڵامەكەی ئومێد خۆشناو بۆ سەرۆكی لیستی یەكێتی هاتووە، ئیتر وا باشە بۆ چەند دەنگێك بەقسەمان نەهێنی، ئەگەر نا بەقسە بێین تا هەڵبژاردنی داهاتووش قسەمان تەواو نابێ، ئەوكات قەیسەریت لێ دەكەین بە كونەمشك و كەس بە هانات نایەت، كەوابێت دەست بە كڵاوی خۆت بگرە با با نەیبات. بیریشت دێنمەوە زۆری لە تۆ زاناتر لە ئاشووب و خیانەت و چی و چی هاتن لە بەرانبەر ئێمە بایان هەڵكرد، كەچی ڕەشەبایان دوورییەوە.



وشە - رامیار جەواد