لە ماوەی رابردوودا بەهای دراوی فەرمی ئەفغانستان بەرانبەر دۆلاری ئەمەریكی دابەزیوە و هۆكاری ئەو دابەزینەش بۆ كەمبوونەوەی دۆلار لە بازاڕەكانی ئەفغانستان دەگەڕێتەوە.
بانكی ناوەندیی ئەفغانستان ئاشكرای كرد، دۆلارێكی زۆر بە قاچاخ دەبرێتە ئێران و ئەگەر ئەمەش بەردەوام بێت و پێشی پێ نەگیرێت، ئەوا لە داهاتوودا بەهای ئەفغانی زیاتر دادەبەزێت.
بەگوێرەی "
رادیۆ زەمانێ" ئیمال هاشوور گوتەبێژی بانكی ناوەندی ئەفغانستان گوتی، خەڵكێكی زۆر دەچێتە ئێران و كاتێك كەسێكی كڕیار سەردانی ئێران دەكات، دۆلاری بە 12 هەزار تمەن پێی دەفرۆشرێت و هاوكات ئێران لە بازاڕەكانی ئەفغانستانیش تمەن بە 30% قازانج دەخاتەڕوو.
هەر دۆلارێكی ئەمەریكا لە بازاڕەكانی ئەفغانستان بە 73 تا 78 ئەفغانی ئاڵوگۆڕی پێ كراوە و ئێستە نرخەكەی بە 75 ئەفغانییە.
لە چەند مانگی رابردوودا نرخی تمەن بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزیوە و هەر دۆلارێك بە سەرووی 14 هەزار تمەن ئاڵوگۆڕ دەكرێت. هۆكاری دابەزینی بەهای تمەن بۆ سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران دەگەڕێتەوە و پێشبینی دەكرێ نرخی تمەن زیاتر لەمە بشكێت.