یۆڤێنتۆس لەگەڵ رۆناڵدۆ چانسی بردنەوەی جامی چامپیۆنس لیگی بەهێزە

:: AM:10:04:19/09/2018 ‌

ماسیملیانۆ ئەلیگری راهێنەری یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی ئاشكرای كرد، یانەكەی بەهۆی بوونی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و باشترین یاریزانی جیهانی هەلی بردنەوەی جامی ئەمساڵی خولی پاڵەوانانی ئەوروپای بەهێزە.

رۆناڵدۆ ئەمڕۆ چوارشەم لەگەڵ یانە نوێیەكەی لە یەكەم یاریی وەرزی نوێی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەنێو یاریگەی مستایا رووبەڕووی یانەی ڤالێنسیای ئیسپانی دەبێتەوە.

راهێنەری یانەی یۆڤێنتۆس لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش دەستپێكردنی یارییەكەدا رایگەیاند: ئەمساڵ هەلێكی گەورەمان بۆ بردنەوەی جامی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا هەیە، بێگومان ئەمەش بەهۆی بوونی رۆناڵدۆ.

زیاتر گوتی: باشترین یاریزانی جیهان پەیوەندی بە یانەكەمانەوە كردووە، رۆناڵدۆ لەگەڵ ركابەرەكەی لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بەشداری لە چەندان رووداوی مێژوویدا كردووە.

رۆناڵدۆی تەمەن 33 ساڵ لەم هاوینەدا دوای 9 ساڵ یاریكردن لە ریزی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بە گرێبەستێكی چوار ساڵە و بە بەهای 117 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە یانەی یۆڤێنتۆسەوە كرد.

یانەی یۆڤێنتۆس لە وەرزی ئەمساڵی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لە كۆمەڵەی هەشتەم یاری دەكات لەتەك یانەكانی ڤالێنسیای ئیسپانی، مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی و یۆنگ بۆیزی سویسڕی.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م