عادل عەبدولمەهدی لە كاندیدبوونی بۆ سەرۆك وەزیران كشایەوە

:: AM:11:43:19/09/2018 ‌
ڕۆژنامەیەكی لەندەنی بە پشتبەستن بە زانیاری باوەڕپێكراو دووپاتی كردەوە، كە وەزیری پێشووی نەوتی عێراق عادل عەبدولمەهدی لە كاندیدبوونی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی نوێی عێراق كشاوەتەوە.

ڕۆژنامەی "العربی الجدید" بە پشتبەستن بە زانیاریی زۆر نهێنی و باوەڕپێكراو بڵاوی كردووەتەوە، كە وەزیری پێشووی نەوت و جێگری پێشووی سەركۆماری عێراق عادل عەبدولمەهدی داوای لێبوردنی كردووە و كشاوەتەوە لەوەی بە فەرمی بكرێتە كاندید بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەمەیش بەهۆی قورسی ئەركی سەرۆك وەزیرانی نوێ لە چوار ساڵی داهاتوودا لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات.

ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، سەرەڕای ئەوەی ناوی بەخێرایی بڵاو بووەوە و زۆر لە لایەنە سیاسییەكان ڕەزامەندییان لەسەر پێشان دا، بەڵام عەبدولمەهدی نایەوێ ئەو ئەركە قورسە بگرێتە ئەستۆ، كە ئێستە لە ناوخۆی عێراق دۆخەكە زۆر ئاڵۆزە و پێوەندییەكانی ئەمەریكا و ئێرانیش ڕوو لە گرژبوونەوە و لە عێراق دەیانەوێ ڕووبەڕووی یەكتر ببنەوە.

لە بەشێكی تری ڕاپۆرتەكەی ڕۆژنامە عەرەبییەكە هاتووە، كە سەرەڕای ئەوەی ناوی عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی وەزیری پێشووی عێراقیش بۆ كاندیدبوونی بۆ سەرۆكی حكوومەت دەهێنرێ، بەڵام لایەنی ئێرانی كە مالیكی و عامری لەخۆ دەگرێ بە تەواوی ڕەتیان كردووەتەوە، بە كەسێكی سەر بە ئەمەریكای دەزانن، بۆیە پێشبینی دەكرێ سەرۆك وەزیرانی داهاتوو كەس ناوی نەبیستێ تا لەلایەن مەرجەعییەتەوە ئاشكرا دەكرێت.

محەمەد شەفیق شرۆڤەكاری سیاسی لە عێراق گوتی، دوای كشانەوەی عامری و مالیكی لە كاندیدبوونیان بۆ سەرۆك وەزیران، هەمووان پابەندی بڕیاری مەرجەعییەت بوون، بۆیە ناوی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو سوپرایز دەبێ بۆ هەمووان، وەك چۆن لە 2014 هیچ كەسێك نەیدەزانی لە دوای مالیكی كێ دەبێتە سەرۆك وەزیران، تا لەناكاو ناوی بڵاو بووەوە و لە پەرلەمان بۆ پێكهێنانی حكوومەت هاتە سپاردن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د