ئێران مووشەكی هەیە و "پووشەكی" نییە


ئەم مانشێتەی سەرەوە قسەی زۆر لە هاووڵاتییانی ئێرانە و لە بەدواداچوونی رۆژنامەیەكی ئەڵمانی، لە ئێرانیش هەست بە دۆخی نالەباری ئابووری ئەو وڵاتە كراوە. فارسەكان بە حەفازەی منداڵان دەڵێن پووشەك و پێیان وایە هەبوونی چەكی پێشكەوتوو بۆ ئێران هیچ سوودێكی نییە و ناكرێ وڵاتێك مووشەكی هەبێت، بەڵام توانای ئەوەی نەبێت حەفازەی منداڵان بەرهەم بێنێت.

ماتیاس بروگمان هەواڵنێری ئابووری رۆژنامەی "هەندلزبلات"ی ئەڵمانی بە دواداچوونی بۆ دۆخی ئابووری ئێران كردووە و ئاژانسی "دۆیچەوێلێ"ش بەشێك لە راپۆرتەكەی بە زمانی فارسی بڵاو كردووەتەوە. بە بۆچوونی نووسەری رێپۆرتەكە دۆخی ئابووری ئێران ئەوەندە نالەبارە كە بە ئاسانی ئەو وڵاتە ناتوانێ لێی دەرباز ببێت.

دوای رێككەوتنە ناوكییەكەی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك تا ئاستێكی باش ئابووری ئێران هەستایەوە و سامانی دارایی ئەو وڵاتە بەهۆی فرۆشتنی نەوت و پەرەپێدانی پێوەندییە بازرگانییەكان زیاتر بوو، بەڵام سامانە دارایییەكە ئەوەندەی بۆ كڕینی مووشەك و ئاڵۆزی و شەڕ لە سووریا و عێراق و وڵاتانی تر بەكار هات بۆ ناوخۆی وڵات بەكار نەهات، بۆیە دۆناڵد ترەمپ لە هەشتی ئایاری ئەمساڵ بە فەرمی لە رێككەوتنەكە كشایەوە و بڕیاری دا قورسترین سزاكان بەسەر ئێراندا بسەپێنێت.

قۆناغی یەكەمی سزاكان لە شەشی ئاب دەستی پێ كرد و بڕیارە قۆناغی دووەمی سزاكانی ئەمەریكاش لە چواری تشرینی دووەم دەست پێ بكات. تا ئێستە بەهای تمەن سەرووی 70%ی بەهای خۆی لە دەست داوە و ژیانی خەڵكی ئێرانیش بەو هۆیەوە زۆر نالەبارتر بووە و توانای ئەوەیان نییە شتومەك هاوردەی وڵاتیان بكەن.

حكوومەتی ئێران دوو نرخی جیاوازی بۆ دۆلار داناوە یەكێكیان ئازادە و ئەوەی تریان هی بانكی ناوەندییە، جیاوازی ئەو دوو نرخەش یەكجار زۆرە و هەر ئەوەش وای كردووە كۆمەڵگەی ئێران تووشی چینایەتی بێت، چینێك سوود لە خێر و بێری حكوومەت وەربگرن و چینێكیش زیاتر لە جاران بچەوسێنەوە.
 
كوڕە بەرپرسێك لە تاران یان پاسدار و دەستڕۆیشتوویەك هەر لە بانكی ناوەندی بە چوار هەزار و 200 تمەن دۆلارێك دابین دەكات و گەشتی پێ دەكات و بە كەیفی خۆی دەژیت، بەڵام هاووڵاتییەكی ئاسایی دەبێت سێ هێندە پارە بدات بۆ ئەوەی دۆلارێك بكڕێ، ئاخر نرخی دۆلارێك 14 هەزار تمەنی تێپەڕاندووە.

خەڵك لە دڵەڕاوكێدان و ترسیان ئەوەیە پێداویستییە سەرەكییەكانیان زیاتر گران ببێت. پێداویستییە سەرەتایییەكان لە فرۆشگاكانی ئێران كەمی كردووە و جگە لە ناوخۆی ئێران وڵاتانی دراوسیی ئێرانیش شتومەكی زیاتر لە ئێران دەكڕن و دەیبەنەوە وڵاتەكانیان، ئەمەش هێندەی تر دۆخەكەی نالەبار كردووە. دراوی فەرمی سەرجەم وڵاتانی دەوروبەری ئێران زۆر بەرزترە لە دراوی ئێران.

هاووڵاتییەكی تاران بە رۆژنامەكەی گوت "دۆخەكە زۆر گاڵتەجاڕییە، ئێمە مووشەكمان هەیە كەچی پووشەكمان نییە." یەكێكی تر دەڵێ دەبێ چەندان سەعات لە چاوەڕوانیدا بن تا قوتوویەك شیر یان دەستێك حەفازە بۆ منداڵەكەیان بكڕن.

ناڕەزایەتی لە ناو سەرجەم چین و توێژەكانی ئێران پەرەی سەندووە و حكوومەتی حەسەن رووحانیش بە هۆی ئەوەی نەیتوانیوە كێشەكانی خەڵك چارەسەر بكات، هێندەی تر لاواز بووە. لە ناو خەڵكدا دەنگۆی لادانی حەسەن رووحانی و تەنانەت كودەتای سوپای پاسدارانیش باسی لێ دەكرێت.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەیان خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی لە شارەكانی ئێران بەڕێوە چووە و خەڵك بە تەواوی لە سیستەمی حوكمڕانی بێزارن و ئەو فارس و شیعانەش كە پێشتر ئومێدێكیان هەبوو سیستەمی سیاسی بتوانێت چاكسازی بكات و ژیانی خەڵك خۆش بكات، ئومێدی گۆڕانكارییان لە دەست داوە و پێیان وایە ریفورمخواز و توندئاژۆكان دوو رووی یەك دراون و ناتوانن هیچ شتێك بۆ خەڵك بكەن، چونكە سیستەمەكە گەندەڵ و بۆگەنە و تەنیا بە رووخانی ئەم رژێمە و بنیاتنانی وڵاتێكی نوێی دیموكراتیك دەتوانێ خەڵكی ئێران لە چەرمەسەری و ستەم رزگار بكرێت.

ئەوەندە خۆپێشاندانەی ئەمساڵ لە ئێران دژی دەسەڵات بەڕێوە چووە، لە چوار دەیەی رابردوو بێ وێنە بووە و حكوومەتی ئێرانیش لە پێگەی خۆی زۆر دەترسێت، بۆیە هانا بۆ ئەوە دەبات شەڕ و ئاڵۆزی لە ناوچەكە زیاتر بكات، بەڵكو خەڵك بە شتی دەرەكی و جەنگ سەرقاڵ بن و دۆخی ناوخۆیان لەبیر بچێتەوە.

ماوەی رابردوو ئێران بۆ یەكەم جار مووشەكی بۆ هێرشی دەرەكی بەكار هێنا و بنكەكانی حزبی دیموكراتی كردە ئامانج كە بە هۆیەوە 15 كەس شەهید بوون و دەیانی تر بریندار بوون. ئێران بەم كارەی هێندەی تر خەڵكی لە خۆی تووڕە كرد و بۆ یەكەم جار لە چوار دەیەی رابردوو خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان بە مانگرتنێكی سەرانسەری بە كۆماری ئیسلامیی ئێرانیان گوت "نا"، تەنانەت ئەو ریفۆرمخوازانەش كە لە كوردستان پێگەیەكیان هەبوو، بە تەواوی پشتیان لە حكوومەت كرد و هاتنە بەرەی خەڵكەوە.

رق و تووڕەیی خەڵكی ئێران بە هەموو ئاین و نەتەوەكانیەوە لە تەقینەوەدایە و پێشبینی دەكرێ ئەمجارەیان بناغەی سیستەمی سیاسیی ئەو وڵاتە هەڵتەكێنێت و بە یەكجاری كۆتایی بە دەسەڵاتیان بهێنێت.



وشە - سلێمان تاشان


PM:12:09:19/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 1112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌