پارەی بەغدا گەیشت و مووچەی سەرجەم وەزارەتەكان دابەش دەكرێ

بڕە پارەكەی بەغدا كە بەپێی ڕێككەوتنێك بڕیار بوو هەموو 19ـی مانگێك بۆ هەرێمی كوردستان بینێرێت، بەمەبەستی دابەشكردنی مووچە، ئەمڕۆ گەیشتە بانكەكان.

ئەمڕۆ چوارشەم 19ـی ئەیلوول، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بڕی ئەو پارەیەی بەغدا مانگانە بۆ هەرێمی كوردستان دەنێردرێ، ئێستە گەیشتووەتە بانكەكانی هەرێمی كوردستان.

ئەو سەرچاوەیە گوتی بەم بڕە پارەیە بڕیارە تا 28ـی ئەم مانگە مووچەی فەرمانبەرانی پێ‌ دابەش بكرێت و كۆتایی بە مووچەی مانگی حوزەیران بهێنرێت كە بڕەكەی 317 ملیار دینارە.

ناردنی ئەو پارەیە لە كاتێكدایە لە سەرەتای ئەمساڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق بەپێی ڕێككەوتنێكی نێوانیان پێویستە هەموو مانگێگ عێراق بڕی 317 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت و بە پارەی نەوت و داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان مووچەی فەرمانبەرانی دابەش دەكات.

لە ڕۆژی پێنجی ئەیلوول دەست كرا بە دابەشكردنی مووچەی مانگی حوزەیران و لە سەرەتادا مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش كرا.



وشە - رامیار جەواد


PM:01:50:19/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 3956 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌