یه‌كه‌م هه‌ڵوێستی هاوپه‌یمانی دوای چوونه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح بۆ ناو یه‌كێتی
سه‌ركرده‌یه‌كی باڵا له هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری ئاشكرای كرد، به‌رهه‌م ساڵح و كه‌مینه‌یه‌كی ناو هاوپه‌یمانی ده‌چنه‌وه ناو یه‌كێتی و هاوپه‌یمانی وه‌ك قه‌واره‌یه‌ك ده‌مێنێته‌وه و بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح نین و ئه‌و چه‌ند كۆنه به‌رپرسێكی پێشووی یه‌كێتی ده‌گه‌ڕێنه‌وه ناو حزبه‌كه‌ی پێشوویان.
ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی هاوپه‌یمانی به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، به‌رهه‌م ساڵح بۆ پۆست له یه‌كێتی جیابووه‌وه و ئێسته‌یش بۆ پۆست گه‌ڕایه‌وه ناو یه‌كێتی، بۆیه به‌ناوی هاوپه‌یمانی مامه‌ڵه ناكات، به‌ڵكوو ته‌نیا خۆی و چه‌ند به‌رپرسێكی پێشووی یه‌كێتی كه هاتبوونه ڕیزی هاوپه‌یمانی ده‌گه‌ڕێنه‌وه، بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری و په‌یكه‌ری كارگێڕی حزبایه‌تی وه‌كو خۆی ده‌مێنێته‌وه و به‌هێزتر ده‌كرێت.
ئاماژه‌ی دا، كه‌مینه‌یه‌ك له به‌رپرسانی پێشووی یه‌كێتی، كه موڵك و ماڵ و ئۆتۆمبێلی یه‌كێتیان لایه و له ترسی ئه‌وه‌ی یه‌كێتی لێیان وه‌رنه‌گرێته‌وه له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م سالح ده‌گه‌ڕێنه‌وه ناو یه‌كێتی، ئه‌وه‌ی تر له هاوپه‌یمانی وه‌كو خۆی ده‌مێنێته‌وه و به هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌ڵناوه‌شێته‌وه و له خه‌باتی مه‌ده‌نی خۆی به‌رده‌وام ده‌بێ، بۆ به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی.
ئه‌و سه‌ركرده‌یه له به‌شێكی تری قسه‌كانی گوتی، ئه‌وانه‌ی له هاوپه‌یمانی ده‌گه‌ڕێنه‌وه ناو حزبه‌كه‌ی پێشوویان به به‌رهه‌م ساڵحیشه‌وه، ئیمانیان به دادپه‌وه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی نییه و به‌ڵكوو به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندییه كه‌سییه‌كانی خۆیان كه‌وتوون، به‌ڵام زۆرێك له سه‌ركرده‌كانی هاوپه‌یمانی و بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری ئه‌و قه‌واره‌یه باوه‌ڕی پته‌ویان به به‌رنامه و پرۆگرامی هاوپه‌یمانی هه‌یه و له‌سه‌ر ڕێبازی خۆیان به سه‌ركردایه‌تی ئارام قادر ده‌مێننه‌وه و به‌هێزتر ده‌بن.
وشە -
باز ئه‌حمه‌د