دەوڵەتە تازەكەی داعش دەكەوێتە كوێی عێراق؟

:: PM:07:50:19/09/2018 ‌
نۆ مانگ بەسەر شكستی داعش تێدەپەڕێت، بەڵام ئەو گرووپە تیرۆریستییە لەم ماوەیەدا خۆی رێكخستووەتەوە و دەوڵەتۆكەیەكی بچووكی لە باكوری تكریت دامەزراندووە. ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنباریش دەڵێ، پێویستە ئەو خێزانانە لە شارەكان دوور بخرێنەوە كە خەڵكیان لەناو داعش هەیە، چونكە ئەوان پردی پێوەندین بۆیان. شارەزایەكی تەناهیش دەڵێ ئاوەدان نەكردنەوەی شارەكان بەخێرایی هۆكارێكی تری بڵاوبوونەوەی شانە نووستووەكانیان بوو.  

یەكێك لەو كەسانەی كە لە گرتووخانەی دەوڵەتە تازەكەی داعش لە نزیك شارۆكەی حەویجە لە باشووری رۆژئاوای كەركوك، رای كردووە، دەڵێ ژمارەی چەكدارانی داعش بە هەزارانن، بەڵام ئەوان بەدەست گیرۆدەبوون لە خۆحەشاردان دەناڵێنن و تەنیا پشت بەو كۆمەكانە دەبەستن كە خێزانەكانیان لە دەرەوە بۆیان دابین دەكەن و پێیان دەگەیەنن.


هەر دوای لەناوچوونی داعش پرسی خێزان و مناڵە داعشییەكان یەكێك بوو لە گرنگترین پرس كە رووبەڕووی دەوڵەتی عێراق بووەوە، مشتومڕی زۆر لەسەر كرا، تا ئێستەش بەردەوامە، زۆرێك لە بۆچوونەكانیش ئەوەبوو كە ئەوان ئەگەر لە دەرەوە ئازاد بن، كاریگەری گەورەیان دەبێت لەسەر پەروەردەكردنی نەوەیەكی نوێی داعش، یانیش یارمەتیدانی چەكدارانی داعش ئەوانەی دوای شەڕەكە خۆیان حەشار دابوو.

بەپێی راپۆرتێكی نەتەوە یەكگرتووەكان كە ناوەڕاستی مانگی ئابی رابردوو بڵاو كرایەوە، ئاماژە بە هەبوونی 20 بۆ 30 هەزار چەكداری داعش دەكات لە عێراق و سووریا، لە راپۆرتەكەدا ئەوەیش هێمای بۆ كرا بوو كە رەنگە ئەو ژمارەیە نیوەی لە عێراق بێت.

نەتەوە یەكگرتووەكان لە راپۆرتەكەیدا باس لەوە دەكات كە داعش ئێستەیش دەتوانێت لەناو خاكی سووریا هێرش ئەنجام بدات. پێوەند بە عێراقیش دەڵێ ئەگەرچی ناتوانێت خاك داگیر بكات، بەڵام شانە نوووستووەكانی چالاكن.

جاسم جەبارە، سەركردەی عەشیرەت و سەرۆكی پێشتری لیژنەی تەناهی پارێزگای سەڵاحەدین، دەڵێ، داعش دەستی بە چالاكی كردووەتەوە و حكوومەتیش لەو مەترسییە گەورەیە بێدەنگە. زیاتر گوتی، "بە حكوومەت و هێزە تەناهییەكانمان گوت چەكدارانی داعش خاڵێكی پشكنینی ساختەیان لە ناوچەی چیای حەمرین و مەكحوول داناوە، بەس كەس گوێی نەگرت، لەم هەفتەیەش دوو كەسیان لە نێوان بێجی و كەركووك رفاند، بەڵام هێزە تەناهییەكان لێی بێدەنگن".
 
قسەی جاسم جەبارە لە كاتێكدایە ماوەیەكی زۆرە داعش بازگەی ساختە لەسەر رێگەی خێرای نێوان دیالە و سەڵاحەدین و كەركووك دادەنێت و چەندانجاریش هێرشی كردووەتە سەر بازگەی فەرمی هێزەكانی سوپا و حەشدی شەعبی و چەندانی لێ كوشتوون.


جموجۆڵەكانی داعش لە كاتێكدایە هەفتەی رابردوو دوو هێرشی كردە سەر خواردنگەیەكی میلی لە نزیك بێجی كە دوو كەسی تیرۆریست بوون، بووە هۆی كوشتنی 16 كەس، پێش ئەو هێرشە تیرۆریستییەش بە چەند رۆژێك، حەشدی شەعبی رای گەیاند هێرشێكی تیرۆریستی داعشیان پووچەڵ كردووەتەوە كە هەوڵیداوە هێرش بكاتە سەر هاووڵاتیانی سڤیل و هێزە سەربازییەكان لە تكریت.


جاسم جەبارە كە ئێستە پەرلەمانتارە لەسەر پارێزگای سەڵاحەدین دەڵێ، دوای پڕۆسەی ئازادی لە كانوونی یەكەمی 2017، داعش توانیویەتی ریزەكانی خۆی رێك بخاتەوە و پارە و چەكیش دەست بخات لە رێگەی رفاندنی هاووڵاتییانی سڤیل.

خۆ رێكخستنەوەی داعش لە پارێزگای سەڵاحەدین لە كاتێكدایە لە پڕۆسەی ئازادی ئەو شارە زیاتر لە هەزار چەكداری داعش كوژراون و ئەوانی تریش بەرەو چیاكانی حەمرین و بەرزاییەكانی دەرەوەی شارەكە هەڵاتن.

جەبارە دەڵێ، هێزی سوپای عێراق بەدوای ئەواندا نەچوو،  هیچ فڕۆكەیەكی گەڕان و پشكنینیش شوێنیان نەكەوتووە، ئەمەیش وای كردووە ئەوان بە ئاسانی دەست بكەنەوە بە چالاكییەكانیان لە رێگەی بازگە ساختەكان لەسەر رێگەی سەرەكی نێوان دیالە و سەڵاحەدین و كەركووك.

پاشماوەی چەكدارە هەڵاتووەكانی داعش خۆیان لە ناوچەكانی حەویجە و چیای حەمرین و مەكحوول و متیبیجە كە شارەدێیەكی سەر سنوورە لە نێوان دیالە و سەڵاحەدین، تا ئێستە پێنج زیاتر لە دەستی داعش ئازاد كراوە، بەڵام داعش هەر بۆی دەگەڕێتەوە و داگیری دەكاتەوە و تێیدا چالاكییەكانی خۆی بەنهێنی ئەنجام دەدات.

ئەحمەد خورشید، سەركردە لە حەشدی شەعبی لە حەویجە دەڵێ داعش دەوڵەتۆكەیەكی بچووكی بنیاد ناوە لە مەكحوول كە زیاتر لە دوو هەزار چەكدار دەبن كە لە پڕۆسەی ئازادكردنی حەویجە هەڵاتوون.

خورشید لە زاری یەكێك لەو كەسانەی كە لە دەستی داعش لە ناوچەی مەكحوول هەڵاتووە، دەڵێ داعش دادوەری داناوە و بڕیاری لە سێدارەدان دەردەكات، تەنانەت گرتووخانە و سەربازگەشیان هەیە، بەڵام ئەوەی تینی بۆ هێناون دەست گەیشتنە بە خواردن كە لە رێگەی خێزانەكانیان بە زەحمەت بە دەستیان دەگات.

جێی باسە داعش تاوەرەكانی كارەبا لە حەویجە دەكاتە ئامانج بۆ ئەوەی شارەكە تاریك بكات تا چالاكییەكانی بە ئاسانی تێیدا ئەنجام بدات، بێ ئەوەی سووپای عێراقی بتوانێت شوێن پێیان هەڵگرێت.

ئەفسەرێكی هێزی تەناهی لە حەویجە دەڵێ، داعش وەك هێزی رێگر هاووڵاتییانی سڤیلی گوندەكان دەكاتە ئامانج بۆ دەستكەوتنی پارە.

هاوكات سەركردەیەكی حەشدی شەعبی لە حەویجە دەڵێ، دۆخی حەویجە وەك جاران نەماوە كە عەشیرەتەكان پشتگیری لە داعش بكەن، بەڵكو ئێستە ئەوانیش داعش بە دوژمنی خۆیان دەزانن، ئەمەیش وای كردووە چەكدارانی داعش بە زەحمەت خواردنیان دەست بكەوێت، بۆ ئەمەیش پەنا دەبەنەبەر خێزانەكانیان یان كەسوكاریان.

نەعیم كەعود، سەرۆكی لیژنەی تەناهی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار دەڵێ پێویستە ئەو خانەوادانە لەو شوێنانە دوور بخرێنەوە كە كەسێكیان لە ریزەكانی داعش هەیە، چونكە ئەوان پردی پێوەندی نێوان چەكدارانی داعشن لەگەڵ كۆمەڵگە و گواستنەوەی زانیاری و دابینكردنی پیتاك بۆیان.

زیاتر گوتی، "ئەو كردە تیرۆریستییەی داعش هەفتەی رابردوو لە نەخۆشخانەی حەدیسە ئەنجامی دا، یەكێك لە هۆكارەكانی خانەوادەكانی داعش بوون لەناو شارەكاندا".

رۆژنامەی "واشنتن پۆست" لە راپۆرتێكیدا لەبارەی چالاكییەكانی داعش لە عێراق، دەڵێ، داعش توانی لە ماوەی كەمتر لە ساڵێك دەست بكاتەوە بە چالاكییەكانی.

رۆژنامە ئەمەریكییەكە ئاماژە بە لێدوانێكی دۆناڵد  ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دەكات كە ماوەیەك پێش ئێستە رای گەیاندبوو داعش لە عێراق 98%ی لەناو چووە، ئەمەیش بە باشترین بەڵگەی مانەوە و زندووێتی داعش ناوزەد دەكات.

لای خۆیەوە هیشام هاشمی، لێكۆڵەر لە بواری تەناهی دەڵێ گەڕانەوەی داعش بەو خێراییە هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ نەگرتنەبەری رێوشوێنی زوو ئاوەدانكردنەوەی ئەو شارانەی لە دەستی داعش رزگار كران كە هەر هەموویان وێران بووە.

هاشمی ئەوەش دەخاتەڕوو، ئاوەدان نەكردنەوەی شارەكان هاندەر بووە بۆ دووبارە گەڕانەوەی شانەی نووستووی داعش بۆ ناو شارەكان، زیاتر گوتی، "ئێستە ئەمە پێویستی بە هەوڵێكی زۆری هێزە تەناهییەكان هەیە بۆ دووبارە كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناو شارەكان و لەناوبردنی شانە نووستووەكان و ئەو دەوڵەتەی لە چیای مەكحوول دای مەزراندووە، بۆیە لە كۆی پڕۆسەكە حكوومەتی عێراق تێیدا كەمتەرخەم بووە".



وشە - فه‌رمان سادق