بەرەی نوسڕە پلانەكانی توركیا لە ئیدلب شكست پێدەهێنێت؟

:: PM:09:39:19/09/2018 ‌
رێككەوتنی رووسیا و توركیا لەسەر ئیدلب، ئەنكەڕە دەخاتە بەردەم ئەگەرێكی قوڕس، ئەویش داماڵینی بەرەی نوسڕەیە لە چەك، ئەو هێزەی لە پێكهێنانی هێزی ئۆپۆزسیۆنی نیشتمانی دژی ویستی ئەردۆغان وەستایەوە. چاودێران كۆكن لەسەر ئەوەی رێككەوتنەكە دەرگای ئۆپراسیۆنێكی سەربازی فراوانی دانەخستووە.

دوای 48 سەعات بەسەر رێككەوتنی سوچی كە گفتوگۆكانی لە نێوان پوتین و ئەردۆغان چوار سەعاتی خایاند، چاودێران كۆكن لەسەر ئەوەی رێككەوتنەكە دەرگای بە رووی ئۆپراسیۆنی سەربازی فراوان بەیەكجاری بەسەر ئیدلب دانەخستووە، بە پێچەوانەوە پێیان وایە توركیا شانی داوەتە بەر ئەركێكی قوڕس كە دەبێت تا 15ی كانوونی یەكەم/ ئۆكتۆبەری داهاتوو ئەنجامی بدات.

دوای دانوستاندنەكانی ئاستانا و پاشان لووتكەی تاران، دواجار رووسیا و توركیا لەسەر ناكۆكیی نێوانیان لە بارەی چارەنووسی ئیدلب، لە لووتكەی سوچی رۆژی دووشەمی رابردوو گەیشتنە ئەنجام، بە جۆرێك لەسەر توركیایە تەواوی گرووپە میلیشیاكانی لە ئیدلب هەن لە بەرەی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سوپای سووریا بكشێنێتەوە، كە سنووری ئیدلب لە باكور لەگەڵ حەلەب، لە ناوەڕاست لەگەڵ حەما و لە رۆژئاوا لەگەڵ لازقیە دەگرێتەوە.

توركیا دەبێت باوەڕ بە هەموو گرووپە چەكدارییەكانی ئیدلب بێنێت بۆ دروستكردنی ناوچەی داماڵدراو لە چەك كە قوڵاییەكەی لە نێوان 15 بۆ 20 كیلۆمەتر دەبێت، لە نێوان هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی چەكدار لەگەڵ سوپای سووریا دروست بكات.

چاودێران كۆكن لەسەر ئەوەی ئەگەری زۆرە توركیا لەو ئەركەی كە ئەردۆغان شانی داوەتە پاڵی شكست بێنێت بەهۆی ناكۆكی لەگەڵ بەرەی نوسڕە كە گەورەترین هێزی چەكداری ئۆپۆزسیۆنە لە ئیدلب كە بەگوێرەی ئامارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان زیاتر لە 10 هەزار چەكداری لەو شارە هەیە.

هەر لە رێككەوتنەكەدا هاتووە كە ناوچەی داماڵدراو لە چەكد دەبێت لە هەموو چەكێكی قوڕس دابماڵدرێت و لە جێگەیاندا یەكەكانی سوپای رووسیا و توركیا بە هاوپەشی تێیدا بڵاو ببنەوە.

ئەگەرچی رێككەوتنەكە بووە هۆی گەڕانەوەی هەزاران دانشتووی ئیدلب كە بەهۆی تۆپباران و هەڕەشەی ئۆپراسیۆنی فراوانی سەربازی سوپای سووریا، شارەكەیان چۆڵ كرد و ئاوارە ببوون، بەڵام چاودێران پێیان وایە ئیدلب بە دۆخێكی زۆر هەستیار تێدەپەڕێت، بەتایبەت ئەگەر ئەردۆغان شكست بێنێت لە باوەڕهێنان بە بەرەی نوسڕە كە چەكەكانی دابماڵی و پابەندی رێككەوتنەكە ببێت.

رێككەوتنەكە بە دوو قۆناغ جێبەجێ دەكرێت، بەڵام میدیاكانی حكوومەتی سووریا باس لە قۆناغی سێیەمیش دەكەن، ئەویش گەڕانەوەی دامەزراوەكانی دەوڵەتی سووریایە بۆ وەرگرتنەوەی شارەكە پێش كۆتایی هاتنی مانگی 12ی ئەمساڵ، ئەمەیش وای كردووە چاودێران بگەنە ئەو باوەڕەی كە ئەو خاڵانەی لەبارەی ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە رۆژی دووشەمی رابردوو بڵاو كرایەوە، بەشێك بووبن نەك تەواوی رێككەوتنەكە.
 
حاید حاید، لێكۆڵەر لە پەیمانگەی "چاتام هاوس" دەڵێ، جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە پڕە لە مەترسی بۆ لایەنی توركی، بەتایبەت ئەگەر نەتوانێت بەرەی نوسڕە باوەڕ پێ بێنێت.

ئەوەیشی خستەڕوو، ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە روون نییە، بۆیە پێ ناچێت ئەوەی لە میدیاكان بڵاوكرایەوە تەواوی رێككەوتنەكە بێت، بۆیە ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن ئەوەی بڵاوكراوەتەوە قۆناغی یەكەمی بێت، قۆناغەكانی تریشی دواتر روون دەبێتەوە كە چین.
 
ئەگەرچی تاران و دیمەشق بەشداریان لە لووتكەكە نەكرد، بەڵام هەر زوو پێشوازییان لە رێككەوتنەكە كرد، سەرچاوەیەكیش لە وەزارەتی دەرەوەی سووریا دەڵێ رێككەوتنەكە دەرئەنجامی گفتوگۆیەكی چڕ بووە لەگەڵ رووسیا، گوتی، "حكوومەتی سووریا لە جەنگی دژ بە تیرۆر بەردەوام دەبێت تا رزگاركردنی دوا بست لە خاكی سووریا".

ئەوەی مەترسییەكە زیاتر تۆخ دەكاتەوە كە ئەركی توركیاش زەحمەت دەكات، هەڵوێستی گرووپە چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكانی ناو ئیدلبە كە هەندێكیان ترسی ئەوە ناشارنەوە رێككەوتنەكە لەسەر حیسابی ئەوان كرا بێت، بەشێكی تریش پێیان وایە دەستكەوتە و ناوچەكەی لە ئۆپراسیۆنێكی سەربازی رزگار كردووە كە كارەساتێكی گەورەیی مرۆیی چاوەڕێی دەكرد بەهۆیەوە رووبدات.

هاوپەیمانی سووری هێزە شۆڕشگێڕەكان و ئۆپۆزسیۆن لە بەیاننامەیەكی هاوبەش پێشوازییان لە رێككەوتنەكە كرد و دەڵێن ئەمە سەرەتای گەڕانەوەیە بۆ چارەسەری سیاسی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی گشتگیر بۆ سووریا. هاوپەیمانیەتییەكە ئەوەیش دەخاتەڕوو كە ئاگاداری مەترسی و هەڕەشەكانی رژێمی ئەسەد و ئێران هەبوون، بەڵام هەوڵەكانیان لەگەڵ توركیا بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی ئیدلب ئەنجامی هەبوو.

ئەگەرچی بەگوێرەی رێككەوتنەكە ئێستە ئیدلب كەوتووەتە ناوچەی ئاگربەست، بەڵام پێشتر رژێمی ئەسەد ئامادەكارییەكی گەورەی سەربازی كرد بوو بۆ هێرشێكی فراوانی سەربازی بۆ سەر ئیدلب. چاودێرانیش پێیان وایە رێككەوتنەكە تەنیا هێرشەكەی كەمێك دواخستووە، هێشتا بژاردەی ئەو هێرشە لەسەر مێزی دانوستاندن هەر هەیە.

نوار ئۆلیڤەر، لە ناوەندی عیمران بۆ توێژینەوە كە بارەگاكەی لە ئیستانبوڵە، دەڵێ رێككەوتنی سوچی لە نێوان رووسیا و توركیا، رێككەوتنێكی كاتییە، چونكە رووسیا نایەوێت رێككەوتنامەی ئاساتانە شكست بێنێت و پێوەندییان لەگەڵ توركیا تێك بچێت، كە كۆبوونەوەكانی لە سەرەتای ساڵی 2017 دەستی پێ كردووە و بەهۆیەوە ئەنكەڕە و مۆسكۆ لەیەك نزیك بوونەتەوە، دوای ئەوەی ناكۆكییەكی زۆر لەنێوانیان هەبوو لەسەر داهاتووی سووریا، بەم هەنگاوەش رووسیا جێگرەوەی بۆ دانوستاندنەكانی جنێڤ دیتەوە كە نەتەوە یەكگرتووەكان سەرپەرشتی دەكات، هەر لەو كاتەوەش دانوستاندنەكانی جنێڤ هیچ هەنگاوێك بەرەو پێشەوە نەچووە.

لینا خەتیب، بەڕێوەبەری بەرنامەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە "چاتام هاوس" لە بەیروت، دەڵێ رێككەوتنەكە گەرەنتی ئەوە نادات كە ئیتر ئۆپراسیۆنی سەربازی بۆ سەر ئیدلب ئەنجام نەدرێت، بۆیە رێككەوتنەكە تەنیا قۆناغی یەكەمیەتی بەگوێرەی پێوەرەكانی رێككەوتنامە نێودەوڵەتییەكان كە لەنێوان وڵاتان ئەنجام دەدرێت، قۆناغی كۆتایی ماوە.

هاوكات سام هیلر لێكۆڵەر لە گرووپی تەنگژەی نێودەوڵەتی دەڵێ، جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە پڕە لە مەترسی بۆ لایەنی توركی، بەو پێیەی ئەو بەرپرسیاریەتی مامەڵەكردن لەگەڵ بەرەی نوسڕەی لەسەر شانە بۆ چەكدانان و پابەندبوون بە رێككەوتنەكە، بەو پێەی ئەو گرووپە چەكدارە زۆرترین خاكی ئیدلبی لەبەردەستدایە.
 



وشە - فه‌رمان سادق