قەڵادزێ.. كچێك بە خواردنەوەی ژەهر كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

:: PM:10:14:19/09/2018 ‌

پۆلیسی راپەرین رای گەیاند كە ئێوارەی ئەمڕۆ كچێك بەهۆی خواردنەوەی ژەهری قەلاچۆكردنی زیندەوەرە زیانبەخشەكان گیانی لەدەست داوە و سەرچاوەیەكی نزیك لە قوربانییەكە دەڵێ ئەو كچە خۆی كوشتووە و هۆكارەكەیش باس دەكات. 

شۆرش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە "وشە"ی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم كچێك بەناوی(ش.م. ئ)، كە پیشەی كچی ماڵەوە بوو و لەدایكبووی ساڵی 1996 بووە لە گەڕەكی ڕاپەڕینی قەڵادزێ، بەهۆی خواردنەوەی ژەهری قەلاچۆكردنی زیندەوەرە زیانبەخشەكان گیانی لەدەست داوە.

زیاتر گوتی، بە گوتەی خێزانەكەی ئەو كچە خۆی كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە و بۆ زانینی هۆكاری راستەقینەی مردنەكەیشی تەرمەكەی بۆ شاری سلێمانی بەڕێ كرا و لێكۆڵینەوەیش لە رووداوەكە بەردەوامە.

لەبارەی رووداوەكەوە كەسێكی نزیك لە ماڵی قوربانییەكە بە "وشە"ی راگەیاند، كێشەكە بەو هۆیەوە دروست بووە كە خێزانی ئەو كچە رێگر دەبن لە هاوسەرگیری كچەكەیان بۆ كوڕێكی دیاریكراو كە چەند جارێك چووەتە خوازبێنی، بەو هۆیەوە (ش) پەنا بۆ خۆكوشتن دەبات.

ڕاپەڕین/ شادان بەكر



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل