سۆران.. دزێك بە 39 دەفتەر دۆلارەوە دەگیرێت

:: PM:11:05:19/09/2018 ‌

ئەمشەو لە شارۆكەی سۆران سەر بە پارێزگەی هەولێر گەنجێك كە خاوەنی كافتریایە، دزێك بە 39 دەفتەر دۆلاری ئەمەریكییەوە دەگرێت و رادەستی دەزگا تەناهییەكانی سۆرانی دەكات.

شێرزاد خورشید، خاوەن كافتیریا لە پشت بازاڕی سۆران بە "وشە"ی گوت، سەعات 7ی ئێوارەی ئەمڕۆ  چوارشەم لە كاتی داخستنی بازاڕی دراوگۆڕینەوە، یەكێك لە دراوفرۆشەكان پارەكەی لە نێو جانتا دادەنێت و بەنیاز بووە بگەڕێتەوە ماڵەوە، لە پڕێكدا گەنجێك جەنتایەكەی لێ دەبات و رادەكات بۆ پشت بازاڕەكە و نزیك كافتیریای ئێمە.

زیاتر گوتی، گوێم لە هاتوهاواری خاوەن پارەكە بوو كە بە دەنگی بەرز دەی گوت پارەكەمیان دزی، بۆیە وەك ئەركێكی مرۆیی دوای هەوڵێكی زۆر توانیم گەنجەكە بە جانتای پڕ لە پارەوە بگرم كە 39 دەفتەر دۆلار (390000 دۆلار)ی تێدابوو و بۆ خاوەنەكەی بگەڕێنمەوە. ئەو هاووڵاتییە هیوای خواست هەموو خەڵك هاریكاری دەزگا تەناهییەكان بن بۆ كۆنتڕڵكردنی رووداوە نەخوازراوەكان و پاراستنی ئاسایشی شار و شارۆكەكان.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، گەنجەكە تەمەنی 20 ساڵە و خەڵكی سلێمانییە و بۆ خوێندنی زانكۆ رووی لە سۆران كردووە، بە هاوبەشی لەگەڵ سێ هاوڕێی تری پلانی دزینی پارەی دراوفرۆشەكەیان لە سۆران داناوە.

لای خۆیەوە گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران هەواڵەكەی پشت راست كردەوە و بە "وشە"ی راگەیاند، دووكاندارێك دزێكی بە بڕە پارەیەكی زۆرەوە گرتووە و رادەستی ئاسایش كردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەكاتی پشوو بووە ئەگەر هەیە رۆژی یەكشەم رادەستی پۆلیس و دادگای سۆران بكرێت.

شارۆكەی سۆران لە رووی كارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای هەولێرە و زیاتر لە 200 هەزار كەس لەو شارۆكەیە نیشتەجێن، ئەمساڵ چەند حاڵەتێكی دزیكردن لەو دەڤەرە تۆمار كراوە.

سۆران/ موڕشید برادۆستی





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل