گەردەلوول زیانێكی گەورەی بە بەریتانیا گەیاند

:: AM:09:53:20/09/2018 ‌
دوای بەرپابوونی گەردەلوولی "ئالی" لە بەریتانیا، تا ئێستە دوو كەس گیانیان لە دەست داوە و ژمارەیەك برینداریشی لێ كەوتووەتەوە، جیا لەوەی كارەبا لەسەر هەزاران كەس پچڕاوە و كاریگەری لەسەر هێڵەكانی گواستنەوە داناوە، بەهۆی بەهێزی بای گەردەلوولەكەوە كە بارانێكی بەخوڕیشی لەگەڵدایە.

لە ئەنجامی ئەو گەردەلوولەوە زیانی زۆر بە بەریتانیا گەیشتووە و خێرایی بای گەردەلوولەكە گەیشتووەتە 164 كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا، ژنێكی سویسڕی لە كاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەكەی لەسەر كەناراوەكانی بەشی ڕۆژئاوای ئێرلەندای باكور، بەر شەپۆلی گەردەلوولەكە كەوتووە و ڕاستەوخۆ گیانی لە دەست داوە، پۆلیس ئاشكرای كرد، هەرزوو لە شوێنی ڕووداوەكە تەرمەكەیان هەڵگرتووەتەوە.

دووەم حاڵەتی كوژران لە ئەنجامی گەردەلوولەكە، كەوتنە خوارەوەی درەختێك بوو بەسەر گەنجێكی تەمەن 20 ساڵ لە ناوچەی نیوری باكوری ئێرلەندا و لە ئەنجامدا گیانی لە دەست دا، جیا لەوەیش پیاوێكی تەمەن 40 ساڵ بریندار بوو و بە پەلە گەیەنراوەتە نەخۆشخانە.

دەستەی گشتیی كەشناسی لە بەریتانیا پێشتر هۆشداری دا، لە بەرزكردنەوەی كەلوپەل و شكاندنی درەختەكان، بەهۆی بەهێزی بای گەردەلوولەكەوە، بۆیە داوای لە خەڵكی وڵاتەكە كرد، وریا بن و نەبنە قوربانی گەردەلوولەكە و خۆیان بپارێزن.

بەگشتی لە ئەنجامی شەپۆلی گەردەلوولەكە 186 هەزار خانوو لە ئێرلەندای باكور كارەبایان لێ پچڕا، لە سكۆتلاندیش 70 هەزار ماڵ بێ كارەبا بوون.

جیا لەوەیش فڕۆكەخانەی دبلن سەرجەم گەیشتە ئاسمانییەكانی وەستان و 75 گەشت ڕەت كرانەوە، بەهۆی خراپی كەشوهەواوە و تا ئێستەیش گەردەلوولەكە و زیانەكانی بەردەوامیان هەیە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د