لە ڕاپەڕین شەڕی دوو عەشیرەت بەردەوامە

:: AM:09:55:20/09/2018 ‌
شەوی ڕابردوو شەڕە تەقە دەكەوێتە نێوان دانیشتووانی دوو گوندی سنووری شارەدێی سەنگەسەری دەڤەری ڕاپەڕین، بەو هۆیەوە كەسێك كوژراوە كە پێشمەرگەیە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 20ـی ئەیلوول، ڕائید شۆڕش ئسماعیل گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە دوێنێ‌ شەوەوە شەڕ لە نێوان دانیشتوانی هەردوو گوندی مەمكانە و جەلكانە ڕووی داوە و ئێستە پۆلیس سەرقاڵی كۆنتڕۆڵكردنی دۆخەكەیە.

گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین ئاشكرای كرد، لە شەڕەكەدا هاووڵاتییەك كوژراوە كە پێشمەرگە و تەمەن 35 ساڵە هۆكاری شەڕەكەش بەهۆی پووش و پاوانی سنوورەكەیە كە ماوەیەك پێش ئێستەش كێشە لە نێوانیاندا هەبوو، بەڵام دواتر پێكهاتن و ئێستە ڕووداوەكە دەستی پێ‌ كردووەتەوە.

بەهۆی سەختی شوێنەكە كە ناوچەكی شاخاوییە، شەڕ درێژەی كێشاوە و ئێستە پۆلیس دۆسیەی لێكۆڵینەوەی كردووەتەوە و بە گەیشتن بەكۆتایی ڕووداوەكە و گرتنی تۆمەتبارەكان، پۆلیس ڕای دەگەیەنێت. ڕائید شۆڕش وای گوت.

سنووری ڕاپەڕین ناوچەیەكی بەرفراوانە، ماوەیەك بەر لە ئێستەش لە گوندی كڵاوسووران بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی چەند هاووڵاتییەك كوژران كە كێشەكە بۆ چەند ساڵێك پێشتر دەگەڕایەوە.





وشە - رامیار جەواد