ئەو ئافرەتانەی هەڕەشەیان لەسەرە ئاگەدار دەكرێنەوە

:: AM:10:57:20/09/2018 ‌
وەزارەتی ناوخۆ ئاگادارییەكی بڵاو كردەوە و داوا لەو ژن و كچانە دەكات كە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەی تایبەتیان لێ كراوە، پێوەندی بە بەڕێوەبەرایەتییەكانی پۆلیسەوە بكەن بۆ گرتنی "تۆمەتبارە هەڕەشەكەرەكە".

ئەمڕۆ پێنجشەم 20ـی ئەیلوول، لە ڕاگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم هاتووە، ئاگەداری هەموو ئەو ئافرەتانە دەكەینەوە تا ئێستە لەژێر هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ و نامەن، هەروەها هەر ئامرازێكی تری رووشاندنی كەسایەتی و ئابڕووبردندان، داوایان لێ دەكەین بەبێ سڵەمینەوە پێوەندی بكەن بە بەڕێوەبەرایەتییەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژبە ئافرەتان لە "هەولێر، سلێمانی، دهۆك، گەرمیان، سۆران، ڕاپەڕین"، یان نووسینگەكانمان ئاگادار بكەنەوە لەسەر ئاستی شارۆكەكان".

لە بەشێكی ئاگەدارییەكەدا ئاشكرا كراوە، ئەو ئافرەتانە دەتوانن پێوەندی بە بنكەكانی پۆلیسی شار و شارۆكەكانەوە بكەن لە رێی هێڵی گەرمی تەلەفۆنەكانیانەوە.

ئەو بەڕێوەبەرایەتییەی وەزارەتی ناوخۆ هەرێمی كوردستان ئەوەشی ڕاگەیاندووە، داوا لە كچان و ژنانی هەرێمی كوردستان دەكەن بە ئاگاییەكی زۆر زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ مۆبایل و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بكەن، چونكە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ئامرازەكانی تەكنەلۆجیا گرەنتی پاراستنی تایبەتمەندی و نهێنییەكانی كەسایەتی هیچ كەس ناكەن و هەر وێنەیە و ڤیدیۆ و نامەیەكی دەنگی تا ئەو جێیە پارێزراوە كە لە مۆبایل و كۆمپیوتەر و هەژمارە تایبەتییەكانەوە دەرناچێت و بۆ كەسانی تر نایەنە ناردن".

لە كۆتاییدا ئاماژە دراوە هەر ئافرەتێك هەڕەشەی وێنە بڵاو كردنەوەی لەسەرە، دەتوانێت پێوەندی بەو ژمارانە بكات: 

بەڕێوەبەرایەتییەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی / هەولێر ٠٧٥٠٧٥٩٨١٧٢ ٠٦٦٢٥٦٧٢٧٢

بەڕێوەبەرایەتییەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی / سلێمانی هێڵی گەرمی ژمارە ١٩٩

بەڕێوەبەرایەتییەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی / دهۆك ٠٦٦٤٥٦١٣١٥ - ٠٧٥٠٧٨٥١٨٨١

بەڕێوەبەرایەتییەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی / گەرمیان ٠٧٤٨١٧٨٤٨٤٩

بەڕێوەبەرایەتییەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی / سۆران ٠٧٥٠٧٠٧٧٨٣٣

بەڕێوەبەرایەتییەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی / ڕاپەڕین ٠٧٤٨٠٢٧٥٠٨١



وشە - رامیار جەواد