لوپیتیگی: یاریزانانی ریال مەدرید وەك دڕندە مەشق دەكەن

:: AM:11:29:20/09/2018 ‌

جولین لوپیتیگی راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی نەیشاردەوە كە دڵخۆشە یەكەم هەنگاویان بەسەركەوتووی بۆ پارێزگاریكردن لە ناسناوی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا تێپەڕاند.

شەوی رابردوو یانەی ریال مەدرید لە یەكەم یاریی وەرزی نوێی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لە قۆناغی كۆمەڵەكان لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە 3 گۆڵی بێ وەڵام لەیانەی رۆمای ئیتاڵی بردەوە.

لەمبارەیەوە لوپیتیگی رایگەیاند: بەدەستهێنانی 3 خاڵ لە یەكەم یاریی چامیۆنیس لیگ دڵخۆشكەرە، بەڵام پاڵەوانیەتییەكە هێشتا لەسەرەتایە و 5 یاری ترمان تەنیا لە قۆناغی كۆمەڵەكان ماوە.

زیاتر گوتی: هەرچەندە سەركەوتن لە یەكەم یاریی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا دڵخۆشمان دەكات، بەڵام نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت كە پاڵەوانیەتییەكە تازە دەستی پێكردووە و لە قۆناغی سەرەتایە.

راهێنەری یانەی ریال مەدرید جەختیشی كردەوە كە سەرجەم یاریزانەكان ئاستێكی ناوازەیان پێشكەش كرد و شایستەی ئەوەبوون سەركەوتن بەدەستبێنن.

یانەی ریال مەدرید پاڵەوانی 3 وەرزی رابردووی خولی پاڵەوانانی ئەوروپایە و ئەمساڵیش ئامانجی ئەوەیە بۆ چوارەمجار لەسەریەك جامەكە بەدەستبێنێ.

لوپیتیگی لەبارەی ئاستی یاریزانانی تیپەكەشی رایگەیاند: تیپەكەم یاری دوای یاریی ئاستی بەرزكردنی بەرز دەبێتەوە، یاریزانەكان خوڕەوشتێكی بەرزیان هەیە و لە كاتی مەشق و راهێنانەكانیشدا وەك دڕەندەیەك مامەڵە دەكەن، ئەم خەسڵەتە وای كردووە ئاستیان بەردەوام لە بەرزبوونەوەبێت و ئەجامی باشتر پێشكەش بكەن.

جێی باسە یانەی ریال مەدرید سەرەتای ئەم هەفتەیە لە چوارەم یاریی وەرزی نوێی خولی ئیسپانیا نەیتوانی بەرامبەر یانەی ئەتلەتیك بیلباو سەركەوتن بەدەستبێنێ و بە ئەنجامی 1-1 گۆڵ یەكسان بوون، یانەكە ئێستا بە 10 خاڵ دوای یانەی بەرشەبۆنەی ركابەری كە 12 خاڵی هەیە، لە ریزبەندی دووەمی یانەكان دێت.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م