یەكەم رۆژی وەرزی پایزە لە هەرێمی كوردستان ڕاگەیەنرا

:: AM:11:48:20/09/2018 ‌
ڕۆژی یەكشەم لە هەرێمی كوردستان دەستپێكی یەكەمین ڕۆژی پایز دەست پێ‌ دەكات و ماوەی شەو و ڕۆژ لەو ڕۆژە یەكسان دەبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 20ـی ئەیلوول، ئەژی چەتۆ سەرۆكی ڕێكخراوی فەلەكناسانی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، پێوانە فەلەكییە هەرە وردەكانی تایبەت بە خولانەوەی زەوی بە دەوری تەوەری خۆی و خۆردا دەریدەخات، كە رۆژی یەكشەم 2018.9.23 دیاردەی (هاوسەنگبوونی پایزی – Autumnal Equinox) لە نیوەگۆی باكوردا دەبێت و لەو رۆژەدا تیشكی خۆر بەتەواوی ستوونی دەبێت لەسەر (هێڵی كەمەری زەوی).

سەرۆكی ڕێكخراوی فەلەكناسانی كوردستان ئاشكرای كردووە، بۆیە ماوەی شەو و رۆژ لە هەردوو نیوەگۆی باكور و باشووردا یەكسان دەبێت و ماوەی نێوان زەوی و خۆر نزیكەی 152 ملیۆن كیلۆمەتر دەبێ، هەروەها رۆژی یەكشەم سەعات چوار و 54 خولەكی ئێوارە یەكەم رۆژی (وەرزی پایز) لە رووی فەلەكییەوە دەست پێ دەكات.

ئاماژەی داوە، لە هەمان كاتدا واتە لە 23 ی ئەم مانگە، یەكەم رۆژی (وەرزی بەهار)، واتە (یەكسانبوونی بەهاریی – Vernal Equinox) دەبێت بۆ دانیشتووانی نیوەگۆی باشووری زەوی، بە پێچەوانەوە لە 21 ی ئاداری 2019 بۆ ئێمەی دانیشتووانی نیوەگۆی باكور، یەكەم رۆژی (وەرزی بەهار) ە، واتە (یەكسانبوونی بەهاریی – Vernal Equinox) دەبێت و لە هەمان رۆژیشدا بۆ دانیشتووانی نیوەگۆی باشوور، یەكەم رۆژی (وەرزی پایز) ە، واتە (هاوسەنگبوونی پایزی – Autumnal Equinox) دەبێت.



وشە - رامیار جەواد