گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین ئاشكرای كرد كە لە شەڕی نێوان دوو گوندی سنووری پشدەر، چەند كەسێك بوونەتە قوربانی كە لەناویاندا دوو پۆلیس هەن.
ئەمڕۆ پێنجشەم 20ی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، شۆڕش ئیسماعیل گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو بەهۆی كێشەی زەویوزار لە نێوان هەردوو گوندی جەلكان و مەمكانی سەر بە شارەدێی سەنگەسەری پشدەر، گەنجێك كوژرا، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ توانراوە بارودۆخەكە كۆنتڕۆڵ بكرێ و چەند تۆمەتبارێكیش بگیرێن.
گوتەبێژەكەی پۆلیسی ڕاپەڕین ئەوەیشی ئاشكرا كرد، ئەمڕۆ چەند چەكدارێك چوونەتە سەر بنەماڵەكەی گوندی جەلكان و شەڕ بە سەختی دەستی پێ كردووەتەوە و دەستڕێژی فیشەكیان كردووە، بەهۆیەوە پۆلیسێك كوژراوە و یەكێكی تریش بریندار بووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە شەڕەكە بەردەوامە، بەڵام ئێستە هەوڵێكی وردی هێزەكانی پۆلیس و ئاسایشی سنوورەكە هەیە، بۆ ئەوەی شەڕەكە كۆنتڕۆڵ بكرێت.
ساڵانە لەو سنوورە بەهۆی كێشەی زەویوزارەوە كێشەی لەنێوان گوندنشینان ڕوو دەدات و ساڵی ڕابردوویش چەندان كەس بەوهۆیەوە بوونە قوربانی.
ڕاپەڕین/ شادان بەكر