هاوپەیمانی سائیروون هەڵوێستی خۆی لەبارەی كاندیدبوونی بەرهەم ساڵح دیاری كرد

:: PM:05:39:20/09/2018 ‌

دوێنێ یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان بەرهەم ساڵحی وەك كاندیدی ئەو پارتە بۆ سەرۆك كۆماری عێراق دیاری كرد لە دوای گەڕانەوەی بۆ ریزەكانی یەكێتی، هاوپەیمانی سائیروون كە موقتەدا سەدر پاڵپشتی لێ دەكات لەو بارەوە دەڵێت، چاوەڕوانی هەڵوێستی كۆتایی هەموو پارتە كوردییەكان دەكەین و بەرهەم ساڵح تەنیا كاندیدی یەكێتییە.

دوای ئەوەی یەكێتی بەرهەم ساڵحی وەك كاندیدی ئەو پارتە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دیاری كرد، پارتی دیموكراتی كوردستان رای گەیاند كە بەپێی دەسكەوتی هەڵبژاردن بۆستەكە بۆ پارتییە و بەرهەم ساڵح تەنیا كاندیدی یەكێتییە و پارتیش كاندیدی خۆی بۆ پۆستەكە دەبێت و كاریش بۆ سەرخستنی لە بەغدا دەكات.

ئەمڕۆ پێنجشەم رائید فەهمی، سەركردە لە هاوپەیمانی سائیروون رای گەیاند، بەرهەم ساڵح كەسێكی قبووڵكراوە لای زۆرێك لە هێزە سیاسییەكان و مەرجەكانی وەرگرتنی پۆستەكەیشی هەیە، بەڵام سائیروون چاوەڕوانی هەڵوێستی كۆتایی كورد لەو بارەوە دەكات بەر لە پاڵپشتیكردنی هەر كاندیدیدێكی سەرۆك كۆمار.

زیاتر گوتی، كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح نوێنەرایەتی هەموو هێزە كوردییەكان ناكات و و ئەو تەنیا كاندیدی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە.

ئەمڕۆ پێنجشەم ئەحمەد ئەسەدی، گوتەبێژ بەناوی هاوپەیمانی فەتح، براوەی دووەمی هەڵبژاردن لە دوای سائیروون، گوتی، هەڵوێستی ئێمە لەبارەی كاندیدكرنی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق پێوەستە و مەرجدارە بە بڕیاری هەردوو پارتی سەرەكی كوردی (پارتی و یەكێتی)، بۆیە بڕیاری كۆتایی ئێمە لە بارەی پاڵپشتیكردنی پێوەستە بە تەوافوق لەسەری لەناو ماڵی كوردیدا.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل