لیستی یەكێتی ڕێگری لە هاتوچۆی هاووڵاتییان دەكەن

:: PM:06:13:20/09/2018 ‌
سەرۆكی لیستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و كاندیدەكانی ئەو حزبە وێنە و پۆستەرەكانیان لەسەر شەقام و شۆستەكان داناوە و بەوەیش ڕێگەی هاتوچۆیان لە هاووڵاتییان گرتووە و لە هەمان كاتیشدا كێشەیان بۆ شۆفێران دروست كردووە.

زۆربەی پۆستەرەكانی قوباد تاڵەبانی سەرۆكی لیستی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ كاندیدەكانی یەكێتی لەو شوێنانە دانراون كە كێشەی بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان دروست دەكەن و زۆربەی پۆستەرەكانیش چوار مەتر زیاترە كە پێچەوانەوەی ڕێنوێنییەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستانە.

مەریوان ئەحمەد، شۆفێرێكی سلێمانییە و بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەشی زۆری پۆستەرەكانی ئەو حزبە لەسەر شۆستە و ناو شەقامەكان دانراون بە تایبەت ڕێگاوبانەكانی دەرەوەی سلێمانی كە بوونەتە كێشە لەبەردەم شۆفێران.

زیاتر گوتی، پۆستەرەكان لە نێوان شەقامە دوو سایدەكان دانراون، لەگەڵ ئەوەیش چونكە پۆستەرەكان گەورەن شۆفێر بەشی پشتەوەی شەقامەكەی تر نابینێ كە ئەمەیش ڕووداوی لێ‌ دەكەوێتەوە.

ئەوە لەكاتێكدایە كە لە دوو ڕۆژی ڕابردوو لە سنووری سلێمانی هەڵمەتی دڕاندنی پۆستەر و فلێكسی كاندیدی حزبەكانی تر و پارتی دیموكراتی كوردستان دەستی پێ كردووە و بەشی زۆر لەوێنەی كاندیدی حزبەكان دڕێنراون.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی












وشە - سه‌رخێڵ هاشم