عێراق.. سائیروون و فەتح ململانێی رەتكردنەوەی كاندیدانی سەرۆك وەزیران دەكەن

:: PM:06:18:20/09/2018 ‌

تا ئێستە ململانێی دەسەڵات لە عێراق بەردەوامە و نەتوانراوە لەبارەی دیاریكردنی كەسایەتییەكی گونجاو و قبووڵكراو بۆ هەمووان وەك كاندیدی سەرۆك وەزیران رێككەوتن بكرێت، بە رووكەش هەمووان پێوەریان هەیە بۆ ئەو كەسایەتییەی حكوومەتی پێك دێنێت، بەڵام دوولایەنی سەرەكی شیعە كە نەیانتوانی پرسی گەورەترین فراكسیۆن لەناو پەرلەمان یەكلا بكەنەوە، جەنگێكی تریان دەست پێ كردووە، ئەویش رەتكردنەوەی كاندیدانی یەكترە بۆ پۆستەكە.  

رائید فەهمی، سكرتێری لیژنەی ناوەندی حزبی شیوعی عێراق و سەركردە لە هاوپەیمانی سائیروون كە موقتەدا سەدر پاڵپشتی لێ دەكات لەو بارەوە دەڵێت، تا ئێستە بژارەی بوون بە ئۆپۆزسیۆن لە سائیروون نزیكترە ئەگەر نەگەیشتین بە رێككەوتن بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی چاكسازی و ئاماژەی كرد، حكوومەتی داهاتوو ئەگەر بە خواستی ئەوان پێك هات، سەربەخۆ دەبێت بە بەراورد بەوانەی پێشتر.

زیاتر گوتی، چوونمان بۆ بەرەی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی پێوەستە بە جێبەجێ نەبوونی ئاستی پێویستی دروستبوونی حكوومەتێكی چاكسازی، بەڵام تا ئێستە گفتوگۆكان بەردەوامن و ئەگەر نەمەنتوانی بگەین بە رێككەوتن بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی نوێ و تەواو عێراقی، ئەوە بژارەی ئۆپۆزسیۆنبوون چارەسەری ئێمەیە.

فەهمی ئاماژەی كرد، هەندێك دەیانەوێ لە ئێستەوە روو لە ئۆپۆزسیۆنبوون بكەین، بۆ ئەوەی ئەوان كارەكان بەپێی تەوافوقی سیاسی و بەرژەوەندی حزبی رێك بخەن و تێپەڕیان بكەن و بمانگەڕێننەوە سیاسەتی بەشبەشێنە، پارتی وایش هەیە دەیەوێ ئێمە بەرەو ئۆپۆزسیۆن پاڵنێن بۆ ئەوەی خۆیان حكوومەت پێك بێنن و پۆستەكان بەهەمان شێوەی كۆن دابەش بكەن، بۆیە بۆ ئێمە كەی هەوڵەكانمان سەری نەگرت ئەوكات روو لە ئۆپۆزسیۆنبوون دەكەین.  

ئەو سەركردەی سائیروون ئاماژەی كرد كە وەك هاوپەیمانییەتەكەمان تێبینیمان لەسەر شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران هەیە، چونكە تەوافوقی نێوان پارتە سیاسییەكان بە هەمان شێوازی كۆن بەڕێوە دەچێت كە شەفاف و هاوچەرخ نین. روونی كردەوە، ئێمە بەدوای كەسایەتییەكی قبووڵكراو لە رووی سیاسی و جەماوەری و نێودەوڵەتییەوە دەگەڕێین كە كەسێكی بوێر بێت لە هەڵدانەوەی دۆسیەی گەندەڵی و دەستكردن بە پرۆسەی چاكسازی.

فەهمی ئاشكرای كرد، زیاتر لە 10 ناو وەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق خراوەتە روو، بەڵام كەسیان چانسی لەوەیتر زیاتر نییە، وەك سائیروون پێمان وایە كە ئەوەی دێتە دیاریكردن پێویستە باوەڕی بە چاكسازی هەبێت. بۆیە تا ئێستە پارتەكان هیچ كاندیدێكیان دیاری نەكردووە.

بۆچوونی سەدر لەبارەی دیاریكردنی كەسایەتییەك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران بریتییە دیاریكردنی كەسێك كە خاوەن بنكەیەكی جەماوەری بێت و لە تەنگژەكان و لەكاتی هەڵدانەوەی دۆسیەی گەندەڵی پاڵپشتی لێ بكەن، بۆیە تا ئێستە گەڕان بەدوای ئەو كەسە بەردەوامە، فەهمی وای گوت. 

لەو كاتەی نووری مالیكی سەركردەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئەمڕۆ پێنجشەم لە تویتێك نووسیویەتی، تا ئێستە هاوپەیمانی بینا كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق دیاری نەكردووە، بەڵام میكانیزمێكی دیاریكراوی بۆ دیاریكردنی داناوە، سەركردەیەكی هاوپەیمانیەتییەكە ئاشكرای كرد كە هاوپەیمانی بینا (فەتح و دەوڵەتی یاسا)، كاندیدەكانی هاوپەیمانی سائیروون بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق رەت دەكەنەوە، چونكە زۆرینەیان فەرماندەی سەربازین و رەنگە عێراق بۆ سەردەمی كودەتاكان بگەڕێننەوە. 

ئەو سەركردە زیاتر گوتی، هاوپەیمانی بینا كاندیدانی سائیروون رەت دەكاتەوە كە بریتین لە عادل عەبدولمەهدی و فەریقی یەكەمی روكن تاڵب شغاتی سەرۆكی دەزگای نەهێشتنی تیرۆر و فەریق روكن عەبدولوەهاب ساعیدی فەرماندە لە دەزگای دژەتیرۆری عێراق و مستەفا كازمی، بەرپرسی دەزگای هەواڵگری و ئەسعەد عیدانی پارێزگاری بەسڕە و لەیس كوبە راوێژكاری پێشوو.

زیاتر گوتی، زۆرینەی ئەو كاندیدانە فەرماندەی سەربازین و رەنگە بە شێوازێكی سەربازی فەرمانڕەوای عێراق بكەن و عێراق بۆ سەردەمی كودتاكان بگەڕێننەوە، جیا لەوەی زۆرینەیان پێوەندیان بە ئەمەریكا و بەریتانیا و فڕەنساوە هەیە، بۆیە هاوپەیمانی بینا دووپاتی دەكاتەوە كە پێویستە كاندیدی سەرۆك وەزیرانی كەسێكی نیشتیمانی بێت و تەوافوقی لەسەر بكرێت. 

دوای ئەو ناكۆكییەی لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئایاری رابردوو دروست بوو و ئەمەریكا و ئێران نەیانتوانی بگەن بە رێككەوتن لەبارەی دۆخی عێراقەوە، بەم دواییە مەرجەعیەتی باڵای نەجەف راگەندراوێكی بڵاو كردەوە و شێوەی ئەو حكوومەتەی دیاری كرد كە دەبێت فەرمانڕەوایی عێراق بكات، ئەو پاڵپشتی خۆی بۆ حكوومەتێك دیاری كرد كە سەربەخۆ بێت و سەر بە هەریەك لە رەوتی سەدر و حزبی دەعوە و رێكخراوی بەدر نەبێت، ئەوەیش وای كرد كە حەیدەر عەبادی و هادی عامری پاشەكشە بكەن. 

محەمەد شەفیق شڕۆڤەكاری سیاسی عێراقی لەو بارەوە دەڵێت، ئەگەر دەموچاوی نوێ بۆ فەرمانڕەواییكردنی عێراق نەیەنە پێشەوە، ئەو وڵاتە لە رووی ناوخۆ و دەرەوەیش دووچاری كارەسات دەبێتەوە، لە ناوخۆ خۆپێشاندان و ناڕەزایی زیاد دەكات و لە دەرەوەیش متمانە و پاڵپشتی لەو حكوومەتە ناكرێت.

ئەو شرۆڤەكارە دووپاتی دەكاتەوە كە تا ئێستە بەفەرمی ناوێكی دیاریكراو وەك كاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێ نییە، بەڵام پێم وایە دەبێتە كانیدی سوپرایز وەك ئەوەی لە 2014 حەیدەر عەبادی هاتە هەڵبژاردن. 

   





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل