ئەمەریكا سزای سەر ئێران و رووسیا توندتر دەكات

:: PM:08:03:20/09/2018 ‌

نێردراوی ئەمەریكا تایبەت بە ئێران رای گەیاند كە وڵاتەكەی سزاكانی سەر ئێران توندتر دەكات بۆ رێگرتن لە بەدەستهێنانی داهاتی پێویست بۆ پاڵپشتیكردنی تیرۆر، لەو كاتەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا فەرمانی جێبەجێكردنی سزاكانی بۆ سەر رووسیا واژوو كرد.

ئەمڕۆ پێنجشەم برایان هوك، نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا لەبارەی ئێران لە دیدارێكی "سكای نیوز عەرەبی" گوتی، ئەو سیستەمەی سزاكان كە واشنتن بەر لە چەند مانگێك بەسەر تارانی سەپاند و لە نۆڤێمبەری داهاتوو كەرتی نەوت و بانكەكانیش دەگرێتەوە، هانی ناوچەكە دەدات بەرەو سەقامگیری. 

زیاتر گوتی، ئەوەی لەو سیستەمە دامانناوە رێگری دەكات لە ئێران بۆ بەدەستهێنانی داهاتی پێویست بۆ پاڵپشتیكردنی تیرۆر لە كەنداوی عەرەبی و چەند بەشێكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێمە سوورین لەسەر بەهێزكردنی سیستەمی سزاكان بۆ ئەوەی هانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەكە بدەین.

هوك روونی كردەوە، سزاكانی ترمان لە نۆڤێمبەری داهاتوو دەست پێ دەكات و بەهێزترینیان دەبێت و هەردوو كەرتی وزە و بانكی دەگرێتەوە و مەبەستی ئێمەیش ئەوەیە داهاتی نەوتی ئێران لە سفر نزیك بێتەوە. بۆیە وریایی لە وەبەرهێنانكردن لە ئێران دەدەین.

ئەو بەرپرسەی تایبەت بەكاروباری ئێران دووپاتی كردەوە كە ئێران گەورەترین پاڵپشتی تیرۆرە لە دنیا و چەندان ملیار دۆلار لە پاڵپشتیكردنی میلیشیاكانی لە سووریا و عێراق و یەمەن خەرج دەكات و رای گەیاند كە پێویستە ئێران هەڵسوكەوت و رەفتاری خۆی بگۆڕێت و ببێتە دەوڵەتێكی ئاسایی و چیتر كار بۆ هەناردنی شۆڕشەكەی نەكات و ئەگەر ئەوەیشی كرد ئەو كات خۆشحاڵین بە دانیشتن لەگەڵیان بۆ قسەكردن لەبارەی دروستكردنی پێوەندییەكی باش. 

لەلایەكی تر ئەمڕۆ پێنجشەم دۆناڵد تڕەمپ سەرۆكی ئەمەریكا واژووی لەسەر فەرمانی دەستكردن بە جێبەجێكردنی سزا نوێكانی بەسەر رووسیای كرد كە بەهۆی رۆڵی لە رووداوی ژەهرخواردكردنی سیخوڕی رووسیایی سێرگی سكریپاڵ لەسەر خاكی بەریتانیا سەپاندنبوونی.

بەپێی بەیاننامەیەكی كۆشكی سپی، ترەمپ بە پێی یاساكانی هەن، وەزیری گەنجینەی ئەمەریكای سەرپشك كردووە بۆ ئەوەی بە راوێژكردن لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە، رێوشوێنەكان لەدژی رووسیا وەربگرن لەوانە وەستاندنی مۆڵەتی هەناردنی چەكی ئەمەریكایی و بەرهەمە دوو سەرەی بەكارهێنان و هیتریش بۆ ئەو وڵاتە.  







وشە - مه‌حموود ئیسماعیل