حزبەكانی سلێمانی پابەندی ڕێنوێنی بانگەشەی هەڵبژاردن نابن

:: PM:08:39:20/09/2018 ‌
هەڵوسینی لۆگۆی حزبەكان و وێنەی كاندیدەكان لە شوێنە قەدەغە كراوەكان سیمایەكی ناشارستانیان بە سلێمانی داوە و بەڕێوبەرایەتی شارەوانی سلێمانیش ناوی ئەو حزب و كاندیدانە دەداتە كۆمسیۆن بەمەبەستی غەرامە كردنیان.

ڕزگار ئەحمەد لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزاری لە شارەوانی سلێمانی، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە ڕێی سێ تیمی شارەوانییەوە سەردانی شوێنەكانمان كردووە بۆ تۆماركردنی تەواوی سەرپێچیەكانی كاندیدان و حزبەكان كە لەم هەڵمەتی بانگەشەدا ئەنجامیان داوە و ڕادەست كردنی بە كۆمسیۆن بۆ لێپێچینەوە لە سەرپێچیكاران و غەرامە كردنیان، لەبەرئەوەی هەڵواسینی لۆگۆی حزب بە دار و ستونی كارەبا و دروستكردنی تەناف قەدەغەیە، لەگەڵ ئەوەیشدا حزبەكان كردوویانە و هیچ كامیان پابەندی ڕێنوێنییەكانی كۆمسیۆن و پارێزگار و شارەوانی نەبوون و هەموویان سەرپێچیان كردووە.

" ئەو وێنانەی كە بەهۆی ڕەشەباوە تێكچوون و سیمای شاری سلێمانیان ناشرین كردووە و ئەركێكی تریان خستووەتە سەر كارمەندانی شارەوانی و ژینگە پارێزان" ڕزگار ئەحمەد وای گوت.

ئەو لێپرسراوەی بەشی خزمەتگوزاری شارەوانی سلێمانی، ئاماژەی بەوەدا، تەواوی قەوارە و لیست و هاوپەیمانییەكان سەرپێچیان كردووە و لە نێوانیاندا لیستی نەوەی نوێ و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان زۆرترین سەرپێچیان كردووە.

لە 29 ی ئابی ئەمساڵ لە كۆبوونەوەی پارێزگار و شارەوانی و كۆمسیۆن لە سلێمانی چەند ڕێنوێنییەك دەرچوو و بڕیار درا بە دانەنانی وێنە و لۆگۆی كاندید و حزب بە دیواری شوێنە خزمەتگوزارییەكانی وەك مزگەوت و قوتابخانە، هەروەها هەڵنەواسینی بە دار و ستونی كارەبا و دواتر ئەو ڕێنوێنیانە درایە حزبەكان و بەڵێنی پابەند بوونیاندا، بەڵام حزبەكان سەرپێچیان كرد.

بڕیارە 30ی ئەم مانگە، هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت و بۆ ئەو مەبەستەیش حزبەكان دەستیان بە بانگەشە كردووە و وێنە و لۆگۆی خۆیان بڵاو كردووەتەوە.

سلێمانی / لۆڤە محەمەد



وشە - سه‌رخێڵ هاشم