پەیامێک لە بارزانییەوە بۆ زانایان

:: PM:04:33:21/09/2018 ‌
ئه‌مڕۆ هه‌ینى 21ى ئه‌یلوول، سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى، به‌ بۆنه‌ى 48 مین ساڵیادى دامه‌زراندنى یه‌كێتى زانایانى ئاینى ئیسلامى كوردستاندا په‌یامێكى پیرۆزباییان ئاڕاسته‌ ده‌كات.

له‌ په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌، یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لەسەر دەستی جەنابی بارزانیی نەمر هەتا ئێسته‌ و لە هەموو قۆناغە سەخت و دژوارەكاندا ڕۆڵی كاریگەریان هەبووە لە پتەوكردنی بنەماكانی خواناسی و بڵاوەپێكردنی فەرهەنگی پێكەوەژیان و هۆشیاركردنەوەی چینوتوێژەكانی كۆمەڵگەی كوردستان

سه‌رۆك بارزانى له‌ به‌شێكى ترى په‌یامه‌كه‌ ڕاى گه‌یاندووه‌، "پێزانینم هەیە بۆ ڕۆڵ و كاریگەریی یەكێتیی زانایان و مامۆستا و پیاوانی ئایینی كە ڕێگەیان لە گەشەی هزری توندڕۆیی و ئینكار لەنێو خەڵكی كوردستان گرتووە".

ئه‌مه‌ى خواره‌وه‌ ده‌قى په‌یامه‌كه‌ى سه‌رۆك بارزانییه‌:

پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی چل و هەشت ساڵەی یادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی چل و هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان، پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی مامۆستایان و گەورە زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان دەكەم.

یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لەسەر دەستی جەنابی بارزانیی نەمر هەتا ئێستا و لە هەموو قۆناغە سەخت و دژوارەكاندا ڕۆڵی كاریگەریان هەبووە لە پتەوكردنی بنەماكانی خواناسی و بڵاوەپێكردنی فەرهەنگی پێكەوەژیان و هۆشیاركردنەوەی چینوتوێژەكانی كۆمەڵگەی كوردستان. هاوكاتیش لە سەنگەری شۆڕش و نیشتیمانپەروەریدا جێی دەستیان بە ڕوونی دیارە.

پێزانینم هەیە بۆ ڕۆڵ و كاریگەریی یەكێتیی زانایان و مامۆستا و پیاوانی ئایینی كە ڕێگەیان لە گەشەی هزری توندڕۆیی و ئینكار لەنێو خەڵكی كوردستان گرتووە و هەمیشە لە بارودۆخی سەخت و ئاڵۆزدا پشتیوانی دۆزی ڕەوای گەلەكەیان بوونە.

بەبۆنەی ئەو یادە گرنگە هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم لە ئەرك وكارەكانتاندا كە لە ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسیی گەلەكەماندا ئەرك و كاری پیرۆز و كاریگەرن.

خودا پشت و پەنای هەموو لایەكمان بێت

مسعود بارزانی

21ـی 9ـی 2018


وشە - محەمەد میران